به‌ ڤیدیۆ... ئه‌و كلیله‌ی كه‌ ده‌رگای گۆڵی هه‌موو یانه‌یه‌كی پێ ده‌كرێته‌وه‌

ئه‌م وه‌رزه‌ 100 گۆڵیان تۆمار كردووه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b23cd668-23c2-4ba0-8292-9ed69cc750e0/MSN.ism/manifest

K24 ـ هه‌ولێر

MSN  ناوی ئەو کلیلەیە کە لویز ئێنریکی دەرگای گۆڵی هەموو یانەکانی پێ دەکاتەوە و ئەو سيکوچکەیە لەم وەرزە ١٠٠ گۆڵی کردووە.

یانەی بارسێلۆنا لەم وەرزە بە باشترین کاتی خۆیدا تێپەڕ دەبێت و یاریزانەکانی لەم وەرزە لە گشت پاڵەوانیەتییەکان ١٣٢ گۆڵیان کردووە، کە لویس سوارێز و لیۆنێل مێسی و نێیمار داسێلڤا بە تەنیا ١٠٠ گۆڵیان بۆ بلاوگرانا کردووە.

لەم وەرزە لە گشت پاڵەوانیەتییەکان هیچ یاریزانێک بە قەدەر سوارێز تۆڕی گۆڵی رکابەرەکانی نەهەژاندووە، کە ٤٢ گۆڵی تۆمارکردووە ١٦ گۆڵیشی بۆ هاویانەکانی دروستکردووە، لیۆنێل مێسیش سەرەڕای ئەوەی ماوەیەک تووشی پێکان ببوو، ٣٣ گۆڵی کردووە و ١٢ گۆڵی دروستکردووە.

هەرچی نێیمار داسێلڤاشە گەرچی لە رووی گۆڵکردنەوە لە دوو هاویانەکەی دیکەی کەمتر گۆڵی کردووە و تەنیا ٢٣ جار بەبۆنەی گۆڵکردنەوە ئاهەنگی گێڕاوە، بەڵام لە رووی گۆڵدروستکردنەوە لە بارسێلۆنا زۆرترین گۆڵی دروستکردووە و ١٨ جار بە پاسی نیمۆ یاریزانەکانی بارسا گۆڵیان کردووە.

سێکوچکەکەی ئەمریکای لاتینی کە نرخەکەیان لە بۆرسەی گواستنەوەی یاریزاناندا بە زیاتر لە ٣١٠ ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێت، بوونەتە گەرەنتی بردنەوەکانی ئێنریکی، کە بارسا ٣٦ یارییە لە گشت پاڵەوانیەتییەکان تامی شکستی نەکردووە و دەیەوێت ریکۆردی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بشکێنێت، کە لە وەرزی ٢٠١١-٢٠١٢ ئەو یانە ئیتاڵییە ٤٣ یاری بەبێ شکست بەڕێکرد.

شکاندنی ریکۆرد و هەژاندنی تۆڕ بووەتە پێشەی هەفتانەی بارسا و msn، ئەوەتا لەوەتەی ساڵی ٢٠١٢ەوە یەکەمجارە ئەو یانە کەتەلۆنییە لە سێ یاریی لەسەر یەکدا لە دەرەوەی کامپ نوودا بەلایەنی کەمەوە دوو گۆڵ بکات، کە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ئارسێناڵی ئینگلیزی بردەوە و پێنج جاریش تۆڕی رایۆ ڤاییاکنۆی هەژاند، لە دوایین یاریش چوار گۆڵی لە ئێیبار کرد.

بلاوگرانا جگە لەوەی لە ماڵی خۆی شێرە و پاشای گشت پاڵەوانیەتییەکانە، لە دەرەوەی کامپ نووش بە سپۆنسەری سێکوچکەیmsn  پیشەی تەنیا بردنەوەیە و ١٩ یارییە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نەدۆڕاوە و یەکەمجارە یانەکە ئەم ریکۆردە تۆمار دەکات.