توێژینەوەیەکی بەریتانیی: زیاتر لە 31 هەزار ئافرەت لە نێو داعش دووگیانن

"منداڵانی داعش بە سەرە بڕاوەکان یاری تۆپی پێ دەکەن"

K24-هەولێر

دەزگای کوێلیامی بەریتانیی کە پسپۆرە لە کاروباری نەهێشتنی توندڕەویی لە توێژینەوەیەکدا لەبارەی منداڵانی نێو رێکخراوی داعش رایگەیاند ئێستا زیاتر لە 31 هەزار ئافرەت لە نێو داعش دووگیانن و ئەمەش پرۆسەیەکی رێکخراوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوەی دووەمی چەکدارانی داعش.

توێژەرانی دەزگای کوێلیامی بەریتانیی راپۆرتێکیان ئامادە کردووە لەبارەی ئەو رێگەیەی کە داعش دەیگرێتەبەر بۆ رێکخستنی منداڵان و مەشقپێکردنیان بۆ ئەنجامدانی کاری توندڕەوی چی بە رێگەی پەروەردە کردن بێ لە ماڵەوە یاخود فێرکردن لە قوتابخانە.

دەزگاکە لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی (منداڵانی دەوڵەتی ئیسلامیی) کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی پێوە بەستووە، دەڵێ: "نزیکەی 50 منداڵی بەریتانیی ئێستا لە دەوڵەتی خەلافەت لەسەر توندڕەویی رادەهێنرێن".

راپۆرتەکە دەشڵێ: "داعش وا دەروانێتە منداڵان وەک شەرڤانی زیاتر بوێر و کاریگەرتر بە بەراورد لەگەڵ شەرڤانە بە گەورەکانی، هاوکات لە بڕی هەوڵی گۆڕینی بیری چەکدارەکانی بۆ پەیڕەوکردنی بیری توندڕەو مێشکی منداڵان وەک لاپەڕەیەکی سپییە دەبینێ کە دەکرێ هەر لە دایکبوونیانەوە لەسەر توندوتیژیی رایانبهێنێ و بۆ ئەوەی دڕندەیی بکاتە شتێکی ئاسایی رێکخراوی (داعش) هانی منداڵان دەدات بە کەلە سەری مرۆڤ یاری تۆپی پێ بکەن".

راپۆرتە بەریتانییەکە ئاماژەش دەکات کە: "منداڵان لە پرۆگرامە زۆر تڕندانەکانی (داعش) فێر دەبن و گەورەکان منداڵان فێری ئایەتەکانی قورئان دەکەن و خوولی راهێنانیان بۆ رێکدەخەن لەسەر توندڕەویی، وەک راهێنانیان لەسەر تەقەکردن و هونەرەکانی شەڕکردن و بەکارهێنانی جۆرەکانی چەک".

راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە: داعش بە کچانی نێو ریزەکانی خۆی دەڵێ "مرواری دەوڵەتی خەلافەت" و هەمووشیان نیقاب دەپۆشن و تەنیا رۆڵ لە کاروباری ماڵدا دەگێڕن و فێریان دەکەن چۆن خزمەتی هاوسەرەکانیان بکەن.

نیکیتا ماڵک، گەورە توێژەرانی دەزگای کوێلیامی بەریتانیی دەڵێ: "ئێستا بە شێوەیەکی رێکخراو نەوەیەکی نوێی توندڕەو دروست دەکرێ". گوتیشی: "لە راستیدا 31 هەزار ئافرەت ئێستا لە نێو رێکخراوەکە دووگیانن، ئەمەش بەو واتایەیە کە پرسەکە بەهەر شێوەیەک بێ هەڕەمەکی نییە، ئەوەی روودەدات پرۆسەیەکی ئامادەکردنی درێژخایەنی ئەو منداڵانەیە بۆ ئەوەی لەسەر توندوتیژیی پەروەردە بکرێن بە رێگەی فێرکردن".

ئا: ئا ، ف