کەنەدا پلانی هەیە بۆ وەرگرتنی کۆچبەران زیاتر لە 2016

K24-هەولێر

حکوومەتی کەنەدا رایگەیاند پلان دادەڕێژێ بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە کۆچبەران لە ساڵی 2016 هاوکات لەگەڵ جەختکردن لەسەر کۆکردنەوەی ئەندامانی خێزانە پەنابەرەکان.

حکوومەتی کەنەدا کە بەڵێنی پێش هەڵبژاردن و پێکهێنانی، وەرگرتنی کۆچبەرانی سووریا بوو زیاتر لە حکوومەتی پێشووی ئەو وڵاتە، راشیگەیاند کە: "بەنیازە لە نێوان 280 بۆ 305 هەزار کۆچبەری دیکە لە ساڵی 2016 وەربگرێ". لە کاتێکدا ئاستی دیاریکراوی وەرگرتنی کۆچبەران لە ساڵی 2015 لە کەنەدا گەیشتە 279 هەزار و 200 کۆچبەر.

هاوکات وەزیری کۆچبەریی کەنەدا، جۆن مکاڵۆم رایگەیاند: "حکوومەت ئەم ساڵ 18 هەزار کۆچبەر وەردەگرێ کە لە ژێر چاودێری چەند لایەنێکی تایبەتدان ئەمەش سێ هێندەی ئاستی ساڵانی پێشووە".

حکوومەتی کەنەدا هاوکات ئەم ساڵ بەنیازە 55 هەزار و 800 کۆچبەری دیکە وەربگرێ و رێگە بە پێشوازیلێکردنی نێوان 75 هەزار بۆ 82 هەزار کۆچبەر بدات لە چوارچێوەی بەرنامەی تایبەت بە خێزانەکان.

وەزیری کۆچبەریی کەنەدا، جۆن مکاڵۆم بە رۆژنامەنووسانیشی گوت: پلانەکە "ئاماژەیە بۆ گۆڕانێکی گەورەیە لە سیاسەتی کۆچکردن بەرەو کۆکردنەوەی ئەندامانی خێزانی زیاتر و بونیادنانی ئابوورییمان و پتەوکردنی کولتووری مرۆڤایەتی کەنەدا بۆ دووبارە نیشتەجێکردنی کۆچبەران و دابینکردنی پاراستن بۆ هەر کەسێک پێویستی پێ بێ".

بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2015 وە تا ئێستا و لە دوای دەستپێکردنی چوونی بەلێشاوی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا و پێشبینی دەکرێت ئەم دۆخە بە درێژایی ساڵی 2016 بەردەوام بێ.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف