توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەرێمی كوردستان كەمبووەتەوە

تۆماركردنی سكاڵا زیاد بووە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/13733c03-9cc3-406f-8edd-95480a5b196c/amary%20tund%20u%20tiji%20dzhi%20afratan.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

سكرتێری بۆردی چاودێری مافەكانی ژنان لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێژەی توند و تیژی بەرامبەر ئافرەتان لە ھەرێمی كوردستان، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو كەم بوونەوە دەچێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) خانزاد سەعدی، سكرتێری بۆردی چاودێری مافەكانی ژنان لە سەرۆكایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "توندوتیژییەكانی وەكو كوشتن، خۆكوشتن، سوتان، خۆسوتاندن، توندوتیژی سێكسی، ئەو جۆرە توندوتیژیانە زۆرنبوون، بەڵام ساڵ دوای ساڵ كەم بووەتەوە".

خانزاد سەعدی، گوتیشی: "تا چەند ساڵێك پێش ئێستا وەك ئەوە وابوو كە پیاو لە ھاوسەرەكەی بدات وەك پڕۆسەیەكی رۆژانە بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئافرەت دەزانێ كاتێك ھاوسەرگیری كرد وەك پیاوەكەی ئەرك و مافی ھەیە".

ئاماری بۆردی چاودێری مافەكانی ژنان لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، رونیدەكاتەوە ئاماری لە ساڵی رێژەی توندوتیژی لە ساڵی 2012 بریتی بوو لە 1304 حاڵەت، بەڵام لە ساڵی 2015 ئەم رێژەیە كەم بووەتەوە بۆ 565 حاڵەت.

 بە گوێرەی ئەو ئامارە رێژەی تۆماركردنی سكاڵا زیادیكردووە، لە ساڵی 2012وە 3ھەزار و 389 سكاڵا تۆماركراوە، لە ساڵی 2015رێژەكە بۆتە 7ھەزار و 262، لایەنە پەیوەندیدارەكان و چالاكوانانی بواری ژنان ھۆكاری بەرزبوونەوەی سكاڵاكانی بۆ ھۆشیار بوونەوەی زیاتری ژنان دەگەرێنەوە.