ئێران راوێژكاری سەربازی زیاتر رەوانەی یەمەن دەكات

ئێران ھاوشێوەی ھاوكاریكاری كردنی ھێزە سوورییەكان، ھاریكاری ھێزە حوسییەكان دەبێت.

K24 - ھەولێر:

بەرپرسانی ئێرانی باس لەوە دەكەن كە راوێژكاری سەربازی زیاتر دەنێرنە یەمەن بۆ ھاریكاری كردنی ھێزە حوسییەكانی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر ئەو ھاوپەیمانیەتەی كە سعودییە سەرپەرشتی دەكات.

مەسعود جەزایری، ژەنەراڵی باڵا و سەرۆك ئەركانی ھێزە چەكدارەكانی ئێران، بە ناوەندی راگەیاندنی نەسیمی راگەیاندووە: كە ئێران ھاوشێوەی ھاوكاریكاری كردنی ھێزە سوورییەكان، ھاریكاری ھێزە حوسییەكان دەبێت.

مەسعود جەزایری ئاماژەی بە ناردنی راوێژكاری سەربازی كردووە، بە بێ ئەوەی ژمارەی ئەو راوێژكارانە ئاشكرابكات،ئەو بڕیارەی ئێران لە كاتێكدایە كە حوسییەكان دوای یەك ساڵ بە ھیوان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سعودییە ئاسایی بكەنەوە، ھاوكاتیش سعودییە ئێران  بە ھەڵگیرسانی ئاگری جەنگ لە یەمەن و سووریا تۆمەتبار دەكات. 

ساڵی 2011 هاوكات لەگەڵ وڵاتانی تونس و میسر و لیبیا و سوریا شۆڕش لە یەمەن دەستی پێكرد و بۆ دوورخستنەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆكی ئەو كاتی یەمەن  لە دەسەڵات و عەبد رەبە هادی جێگری ئەو كاتی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی گرتە دەست.

دوای ساڵێك لە ھاتنە دەسەڵاتی عەبد رەبە شەڕی نێوخۆ لە نێوان حوسییەكان و حكوومەتی یەمەن دروستبوو تا ئێستا بەردەوامی ھەیە.

داڕشتنەوە: ش، م