داعش ھەوڵی دەست بەسەردا گرتنی سەرچاوە داراییەکانی لیبیا دەدات

"ھەبوونی داعش لە لیبیا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی ئیتاڵیا"

 

K24 - ھەولێر:

پاولۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، داعش ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەکانی لیبیا دەدات.

پاولۆ جێنتیلۆنی لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا ئاشکرایکرد، ئەگەر حکوومەتی لیبیا داوا بکات ئامادەین ھاوکارییان بکەین لە روبەڕووبونەوەی تیرۆردا. 

پاولۆ جێنتیلۆنی، گوتیشی: ھەبوونی دەسەڵاتی داعش لە لیبیا بە ناراستەوخۆ کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی ئیتاڵیا.

پاولۆ جێنتیلۆنی ئاماژەی بەوەشدا بۆ روبەروبوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆریستان دوای وەرگرتنی رەزامەندی پەرلەمان ئامادەین ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ نەھێشتنی ھەرەشەی تیرۆر لە لیبیا.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لەبارەی 4 ھاووڵاتیە دیلەکەی وڵاتەکەیەوە لە لیبیا رەتیکردەوە ھیچ بەرتیل و پارەیەێکیان دابێتە تیرۆریستان.

1ی تەمموزی ساڵی رابردوو 4 ھاووڵاتی ئیتاڵی لە رۆژئاوای لیبیا رفێندران و پاش ماوەیەک دووانیان ھەڵھاتن و دوانەکەی دیکەش بە کوژراوی دۆزرانەوە.

دوای ئەوەی رێكخراوی داعش چەندین ناوچەی لە عێراق و چەند ناوچەیەكی لە سووریا لە دەستدا، داعش ھەوڵدەدات پێگەی خۆی لە لیبیا بەھێزبكات و دەست بەسەر سەرچاوە دارییەكانی ئەو وِڵاتە دابگرێت.

 داڕشتنەوە: ش، م