كۆسره‌ت ره‌سوول: خەریکە ئایندەی خەڵک دەبێتە قوربانی

به‌بۆنه‌ی ساڵیادی راپه‌ڕینی هه‌ولێر كۆسره‌ت ره‌سوول په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ناکۆکیی و ململانێی نێو لایەنە سیاسییەکان، خەریکە ئایندەی خەڵک دەبێتە قوربانی.

کۆسرەت رەسووڵ، بەبۆنەی ساڵڕۆژی راپەڕینی هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی:"پێویسته‌ گه‌لى كورد خۆی بۆ گۆڕانكاریى گه‌وره‌ ئاماده‌ بكا، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ململانێی ناوخۆیی و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر پۆست و ئیمتیازاتى حزبی و كه‌سی خه‌ریكه‌ ئاینده‌ى گه‌له‌كه‌مان ده‌بێته‌ قوربانى و دواجاریش مێژوو ره‌حم به‌ كه‌س ناكات."

کۆسرەت رەسوڵ داواشیکرد: "هەوڵبدرێ بە زووترین کات دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە و چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، چونکە گەلی کورد و داهاتووەکەی گەورەترە لە بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکان".

جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یەکێتی لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رایگەیاند: "پێویسته‌ ئه‌مڕۆ به‌هه‌مان رۆحیه‌تى ئه‌و كاته‌وه‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ كۆببنه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى باڵای گه‌لى كورد پێش هه‌موو به‌رژوه‌ندییه‌كان بخه‌ن و چاره‌سه‌رى پێویست و هه‌نووكه‌یى بۆ قه‌یرانه‌كان بدۆزنه‌وه‌".