بانگەشەی ھەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ گرژی تێدەكەوێت

لە شیكاگۆو بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەیەكەی، نەیارانی دۆناڵد ترەمپ كە زۆربەی لە رەشپێست و موسڵمان و پەناخوازەكان پێكھاتبوون، دەستیان كرد بە دڕاندنی بڵاوكراوە بانگەشەییەكانی ئەو بەربژێرە

K24 - ھەولێر:

لە گردبوونەوەیەكی بانگەشەی ھەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە شیكاگۆ گرژیكەوتە نێوان لایەنگر و نەیارانی دۆناڵد ترەمپ.

دوای ئەوەی نەتوانرا بۆ ماوەی نیو كاتژمێر كۆتایی بە گرژییەكان بھێندرێت، ھاوكارێكی دۆناڵد ترەمپ لەسەر شانۆ، ئاماژەی بە دواخستنی وتاری ترەمپ كرد و ھۆكارەكەی بۆ مەترسی لە سەر گیانی دۆناڵد ترەمپ گەڕاندووە.

لە شیكاگۆو بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەیەكەی، نەیارانی دۆناڵد ترەمپ كە زۆربەی لە رەشپێست و موسڵمان و پەناخوازەكان پێكھاتبوون، دەستیان كرد بە دڕاندنی بڵاوكراوە بانگەشەییەكانی ئەو بەربژێرە، كە چەندین لێدوانی كێشەدار و توندی  لەبارەی ھەریەكە لەم پێكھاتانەی ئەمریكا ھەیە، دواجار چەند بنكەیەكی پۆلیس بە زۆر توانیان بڵاوە بە نەیارانی ترەمپ بكەن.

بەشێك لە میدیاكانی ئەمریكا باس لەوە دەكەن، لەوەتەی  دۆناڵد ترەمپ دەركەوتووە، دیاردەی رەگەزپەرستی دژایەتی كەسانی بیانی لە ئەمریكا سەری ھەڵداوەتەوە.

دۆناڵد ترامپ یەکێکە لەبازرگانە ھەرە دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا و لە بەربژێرەكانی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی  ساڵی داھاتووی ئەمریکا و تا ئێستاش پێشوازییەکی زۆری لێکراوە، لە زۆربەی ویلایەتەكان سەركەوتنی بە دەستھێناوە.

ترامپ ھەمیشە بەوە دەناسرێت کە ھەموو کات باس لە باشتر کردن و بە خۆماڵیکردنی بەرھەمەکانی وڵاتەکەی دەکات، لە رابردووشدا چەندین لێدوانی توندی دژ بە مووسڵمان و پەناخوازانداوە.

 داڕشتنەوە: ش، م