زانیاریی لەبارەی ئەو ماددەیەی کە پێشبینی دەکرێت ژیان لەسەر زەوی بگۆڕێ

"200 هێندە لە پۆڵا بەهێزترە و لە ئەڵماس سەخترە"

K24- هەولێر

ماددەی گرافین ئەو ماددە بەهێزەیە کە 200 هێندە لە پۆڵا بەهێزترە و لە ئەڵماس سەخترە و زانایان پێشبینی دەکەن شێوازی ژیان لەسەر زەوی بە جارێک بگۆڕێ

زانایان لەبارەی ئەم ماددەیەوە دەڵێن: "لە هەموو ماددە ناسراوەکانی دیکە کێشی کەمترە و 200 هێندە لە پۆڵا بەهێزترە و لە ئەڵماس سەخترە".

ئەم ماددەیە هێندە کێشی کەمە بە ئەندازەیەک ئەگەر کاغەزێکی دروستکراو لەم ماددەیە و بە قەبارەی یاریگەیەکی تۆپی پێ بەدەست بگری نە دەچەمێتەوە و نە دەشکێ، بە ئەندازەی ئەتۆمێکیش تەنکە، چونکە ماددەی گرافین ماددەیەکی دوو رەهەندییە.

چۆن ئەمە قابیلی روودانە؟

زانایان بە درێژایی چەند دەیەیەک دڵنیا نەبوون لەم زانیارییانە تاوەکوو لە ساڵی 2004 زانایانی بواری فیزیا پارچەیەکی تێپیان پشکنی کە بۆ دەرکردنی پارچەیەکی تەنکی کاربۆنی گرافیت بەکارهێنرابوو، دواتر بۆیان روون بوو کە ماددە دۆزراوەکە گرافینە.

ماددەی گرافین پێکهاتووە لە تۆکڵێکی ئەتۆمەکانی ماددەی کاربۆن کە بە شێوەی شانەی هەنگوین یەکیان گرتووە ئەمەش تایبەتمەندیی نا ئاسایی دەبەخشێتە ئەو ماددەیە.

ماددەی گرافین تەنکە، بەڵام دەتوانێ تیشک هەڵمژێ، ماددەکە دەکرێ بچەمێنرێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گاز و شلەکان بەدەر لە ئاو پێیدا تێناپەڕن و ئەم ماددەیە باشترینە بۆ گەیاندنی گەرمیی و کارەبا، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم ماددەیە بۆ دروستکردنی پرۆسێسەری کۆمپیوتەر و پاتری زۆر دەگمەن و شانەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە خۆر بەکاربهێنرێ.

زانایان لە پایمانگەی نیشتمانی گرافین لە بەریتانیا ئێستا سەرقاڵن بە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم ماددەیە بۆ بەکارهێنانی لە دەستنیشانکردنی چەند نەخۆشییەک.

بوارەکانی بەکارهێنانی ئەم ماددەیە وەک زانایان دەڵێن بێ سنوورن، بەڵام ئەوەی رێگرە لەپێش زۆر بەکارهێنانی بەها زۆر گرانەکەیەتی کە دەگاتە هەزار دۆلاری ئەمریکیی بۆ هەر پارچەیەکی زۆر تەنکی ئەم ماددەیە بە رادەیەک زانایان دەڵێن گرافین گرانترین ماددەیە لەسەر گۆی زەوی.