ژنانى موسڵمانى ئه‌مريكا روو له هونه‌ره‌كانى به‌رگرى ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
نزيكه‌ى 20 ژنى موسڵمانى باڵاپۆش ره‌چاوى رێنمايى راهێنه‌ره‌كه‌يان ده‌كه‌ن، كه فێرى هونه‌ره‌كانى به‌رگرى له خۆكردنيان ده‌كات و راهێنانيان له‌سه‌ر ئه‌وه پێده‌كات رووبه‌ڕووى هه‌ر ده‌ستدرێژييه‌ك ببنه‌وه كه ده‌كرێته سه‌ريان. زۆرێكيش له‌و موسڵمانانه‌ى له ئه‌مريكا ده‌ژين، نيگه‌رانن له زيادبوونى ئاستيى توندوتيژييه‌كان و گوتارى دژايه‌تيكردنى موسڵمانان.
ره‌نا عه‌بدولحه‌ميد، به ره‌چه‌ڵه‌ك ميسرييه و له ئه‌مريكا نيشته‌جێيه و پشتوێنى ره‌شى له كاراتى هه‌يه و راهێنان به ژنه‌كان ده‌كات.
ئه‌و به فێرخوازه‌كانى ده‌ڵێت چۆن به‌رپه‌رچى په‌لاماره‌كان ببنه‌وه و به‌رگرى له خۆيان بكه‌ن.
ره‌نا چالاكى بوارى مافه‌كانى مرۆڤه و له كوينزى سه‌ر به نيويۆرك ده‌ژييت. ئه‌و كه خۆى هاوار ده‌كات، به فێرخوازه‌كانى ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت هاوار و ده‌نگى به‌رزتان ببيستم و هاوار بكه‌ن.
ره‌نا وێركشۆپێكى بۆ ژنان كردووه‌ته‌وه و تێيدا وانه‌ى تيۆرى و پراكتيكيى له باره‌ى به‌رگرى له خۆكردنه‌وه به فێرخوازه موسڵمانه‌كانى ده‌ڵێته‌وه.
لێدوانه‌كانى دۆناڵد ترامپ، كانديدى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مريكا له ناو پارتى كۆمارييه‌كان، بوونه‌ته هۆى نيگه‌رانى پێكهاته‌ى موسڵمانى ئه‌مريكا و ئه‌وان به نيگه‌رانييه‌وه ده‌ڕواننه سه‌ركه‌وتنه‌كانى ترامپ، به هۆى ئه‌وه‌ى ناوبراو گوتارێكى توندڕه‌وانه‌ى له دژى موسڵمانان و په‌نابه‌ران به گشتيى هه‌يه.
ره‌نا ده‌ڵێت: ره‌نگه ته‌نيا پۆشينى حيجاب و باڵا پۆشى به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ى ژنانى موسڵمان رووبه‌ڕووى توندوتيژى ببنه‌وه و په‌لاماريان بدرێت، هه‌ر بۆيه پێويسته ژنانى باڵاپۆش، ئاماده‌ى به‌رگريكردن له خۆيان ببن و ره‌نگه له ناو پاس ياخود له‌سه‌ر شۆسته و وێستگه‌كانى ميترۆ په‌لامار بدرێن.
كرستين جاريتيى سكرسى، ژنێكى ئه‌مريكاييه و ده‌ستبه‌ردارى ئاينى پێشووى بووه و بووه‌ته موسڵمان، ئه‌و ده‌ڵێت، خواستى هه‌يه و حه‌ز ده‌كات فێرى هونه‌ره‌كانى به‌رگرى ببێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له حاڵه‌تێكدا په‌لامار درا به‌رگرى له خۆى بكات.
گوتيشى: ئێستا كار له گه‌ڵاڵه‌ى بريدج بۆ تۆماركردنى حاڵه‌ته‌كانى ترس له ئيسلام ده‌كه‌ن، كه له لايه‌ن زانكۆى جۆرج تاون له واشنتن ئاماده‌كراوه.
هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه به‌رگرى له كه‌رامه‌ت و شكۆمه‌ندى خۆمان ده‌كه‌ين، واقيعه‌كه به جۆرێكه پێويسته ئێمه خۆمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و به‌رگريكردن له‌و حاڵه‌تانه ئاماده بكه‌ين.
ئه‌نجوومه‌نى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيسلام و ئه‌مريكا، يه‌كێكه له‌و لايه‌نانه‌ى به‌رگرى له مافى پێكهاته‌ى موسڵمانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌مريكايى ده‌كات، ئه‌و دامه‌زراوه‌يه حاڵه‌ته‌كانى دژايه‌تيكردنى موسڵمانان تۆمار ده‌كات، به گوێره‌ى ئاماره‌كانى به‌رده‌ستى رێژه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ى كه تێياندا جياكارى به‌رامبه‌ر به موسڵمانان هۆكارى سه‌ره‌كييه زياتر بووه.
به‌رپرسانى دامه‌زراوه‌كه ده‌ڵێن: سه‌دا 80ى قوربانييه‌كانى ئه‌و تاوانانه‌ى و په‌لامارى سه‌ر موسڵمانان ژنانن.
ئيبراهيم هوبه‌ر، گوته‌بێژى ئه‌نجوومه‌نه‌كه، جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، ژنانى موسڵمان پێويستييه‌كى راسته‌قينه‌يان به به‌رگريكردن له خۆيان هه‌يه، به تايبه‌تى له‌م كۆمه‌ڵگه‌يه‌دا.
گه‌ڵاڵه‌ى بريدج، ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردووه، موسڵمانانى ئه‌مريكا رووبه‌ڕووى شه‌پۆلێكى په‌لامارى ناحه‌زكارانه و رق ئه‌ستوورانه بوونه‌ته‌وه، كه پێنج هێنده‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه‌يه پێش رووداوه‌كانى نيويۆرك و واشنتن له 2001دا هه‌بووه.
كچێكى فه‌له‌ستينى كه خۆى له وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا (پێنتاگۆن) كارده‌كات و ژنێكى يه‌مه‌نى كه زمانى ئينگليزى ده‌ڵێته‌وه له‌گه‌ڵ ره‌نا به‌يه‌كه‌وه كارده‌كه‌ن و مه‌شق به ژنه فێرخوازه‌كان ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: رۆيته‌رز
و:ئ.هـ