عێراق و لوبنان ره‌تيده‌كه‌نه‌وه‌ حزبوڵڵا تيرۆريست بێت

كۆمكاری عەرەبی بڕیاری دا كە حزبوڵڵای لوبنانی وەك ھێزێكی تیرۆرستی بناسێنێت ئەم بڕیارەی كۆمكاری عەرەبیش دوای ئەوەھات لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی ھاریكاری كەنداو ھەمان بڕیاری دەركرد.

K24 – هه‌ولێر:

كۆمكاری عەرەبی بڕیاری دا كە حزبوڵڵای لوبنانی وەك ھێزێكی تیرۆرستی بناسێنێت ئەم بڕیارەی كۆمكاری عەرەبیش دوای ئەوەھات لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی ھاریكاری كەنداو ھەمان بڕیاری دەركرد.

بڕیارەكەی كۆمكاری عەرەبی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان پەسەند كرا و عێراق و لوبنانیش دەنگیان بە بڕیارەكە نەدا.

حزبوڵڵای لوبنانی ھێزێك كە لە رابردوودا وڵاتانی عەرەبی شانازییان پێوە دەكرد و ئەمڕۆش بووەتە دوژمنیان.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2f09dd8b-36c1-4873-ab43-e20885d69150/hizbulla%20komkari%20arabi.ism/manifest

دوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ھاریكاری كەنداو بۆ ناساندنی حزبوڵڵا وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی، كۆمكاری عەرەبیش كە نوێنەرایەتی سەرجەم وڵاتانی عەرەبی تێدایە ھەمان بڕیاری دەركرد.

بڕیارەكەی كۆمكاری عەرەبی بە كۆی دەنگی ئەندامان نەبوو بەڵكو جەزائیر تێبینی خۆی پیشاندا و ھەریەكە لە عێراق و لوبنانیش ئەو بڕیارەیان رەتكرده‌وە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراھیم جەعفەری لە وتارەكەیدا باسی لەوە كرد كە حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی ئابڕووی عەرەبیان پاراستووە ھەر بۆیە شاندی سعوودی لە كۆبوونەوەكە كشانەوە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەش جەعفەری دووپاتی ئەوەی كردەوە، كە عێراق ئەو بڕیارە رەتدەكاتەوە.

ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتى: پێویست ناكات كەس دەستتێوەربداتە كاروباری لوبنان لە بری گەلی لوبنان نابێ كەس بەو شێوە رێگە پێنەدراوە وەسفی ھێزی بەرگریكاری لوبنان بكات. سوكایەتیكردن بە حزبووڵا و بەرگری حزبوڵڵا سوكایەتیكردنە بە شۆڕشی جەزائیر و گشت وڵاتانی عەرەبی، ئێمە ھەڵوێستی حەسەن نەسروڵڵا بەرز دەنرخێنین چونكە ھەرچی لەتوانایدا بووبێت پێشكەشیكردووە دەبوایە رێزمان لە بەرگریكارانی لوبنان بگرتایە نەك سوكایەتیان پێبكەین.

كۆمكاری عەرەبی ھۆكاری ئەو بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە حزبوڵڵا پشتگیری لە كاری تیرۆریستی دەكات و بە فەرمانی ئێران دجووڵێتەوە ئەمە لە كاتێكدا كە حزبوڵڵا ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیيەوە لە ساڵی1982 ئەوەی رەتنەكردووەتەوە كە ئەو دەیەوێت درێژكراوەی پرۆژەی ئێران بێت.

حەسەن نەسرووڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى پارته‌كه‌يدا گوتى: پرۆژەی ئێمە پرۆژەی ھەموو بڕوادارانە و پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامییە و بریتییە لەوەی كە لوبنان نەبێت بە كۆمارێكی سەربەخۆ، بەڵكو ببین بە بەشێك لە دەوڵەتی ئیسلامی گەورە بە رابەرایەتی ئیمام خومەینی.

بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی حزبوڵڵا لە ناوخۆی لوبنانیش كاردانەوەی لێكەوتەوە جوبران باسیلی وەزیری دەرەوەی لوبنان لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی ئێمە لە نێوان كۆدەنگی عەرەبی و یەكێتی لوبنانیيەكان یەكێتی لوبنانییەكان ھەڵدەبژێرین.

حزبوڵڵا رێكخراوێكە ساڵی 1982 لە بزووتنەوەی ئەمەل جیابوەوە و بەوە دەناسرێ كە دژایەتی ئیسرائیل دەكات و پەیوەندییەكی بەھێزیشی لەگەڵ ئێران و ئەسەد ھەیە و لە ھەریەكە لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا بە تیرۆریست ناسێندراوە دواین جاریش لەلایەن ئەنجوومەنی ھاریكاری كەنداو بە تیرۆریست ناسێندراو سەرجەم سەركردەكانیشی وەك تیرۆریست وەسف كران.