سووریا پێویستی بە دەستوورێكە مافی پێكھاتەكان بپارێزێت

K24 - قامشلۆ:

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا رایگەیاند، دەبێ دەستوورێكی نوێ بۆ سووریا دابنرێت و مافی گەلی كوردی و پێكھاتەكانی دیكەی تێدا پارێزراو بێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) موحسین تاھیر، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا رایگەیاند: "بۆ داھاتووی سووریا دەبێ دەستوورێكی نوێ دابنرێت و مافی گەلی كورد و پێكھاتەكانی دیكەی سووریا لەو دەستوورە پارێزراو بێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد، لە بارەی چارەسەری سووریا گوتیشی: "ھیوادارین كۆنگرەی جنێڤ3 نەبێتە جنێڤ4 و چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەی سووریا بدۆزرێتەوە، نابێ ئیدی قبوڵ بكرێت كورد لە سووریا مافی خۆی پێنەدرێت".

ئەوە لە كاتێكدایە لە 27ی مانگی شوبات بە رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و رووسیا ئاگربەست لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا راگەیاندرا، بڕیارە 14ی ئەمانگە گفتوگۆكانی جنێڤ3 بۆ چارەسەری كێشەی سووریا دەست پێ بكەن.