ئەگەر ئێران ئەم هەنگاوە بنێ پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بە جارێک دابەزێ

ئێران مەرجی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت خستەڕوو

24-هەولێر

وەزیری نەوتی ئێران، بیژەن زەنگەنە رایگەیاند تاوەکوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران نەگاتە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، وڵاتەکەی لە دانووستانەکانی سرکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەشدار نابێ.

ئاژانسی ئیسنای ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە زاری بیژەن زەنگەنەوە گوتی: "ئێران لە دانووستانەکانی ئەگەری سرکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ چەند بەرهەمهێنەرێکی دیکە بەشدار نابێ، تاوەکوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی خۆی نەگاتە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا".

لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی ئاخۆ وەزیری نەوتی رووسیا، ئەلیکسەندەر نۆڤاک لە سەردانەکەیدا ئەم هەفتەیە بۆ ئێران، هەوڵی قایلکردنی تاران دەدات بۆ بەشداریکردنی لە رێککەوتنی سرکردنی بەرهەمهێنان، زەنگەنە گوتی: "ئەگەر هەیە ئێران لە رێککەوتنەکە بەشدار بێ ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە گەیشتە 4 ملیۆن بەرمیل".

وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەشی کرد کە: "دەبێ لێمان گەڕێن، چونکە هێشتا ئاستی نەوتی خاوی ئێران نەگەیشتووەتە چوار ملیۆن (بەرمیل لە رۆژێکدا)، دواتر خۆمان دەچینە پاڵیان".

مانگی رابردوو وڵاتانی سعوودییە و رووسیا کە دوو گەورەترین هەناردەکاری نەوتن لە جیهان لەپاڵ وڵاتانی قەتەر و ڤەنزویلا رێککەوتن لەسەر سرکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی خۆیان لەو ئاستەی کە لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا تۆمار کراوە.

ئەم رێککەوتنە وەک خودی ئەو وڵاتانە رایانگەیاند هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کە بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو نزیکەی سێیەکی بەهای خۆی لە دەستدا تاوەکوو بەرمیلێک نەوتی خاو گەیشتە خوارەوەی 30 دۆلاری ئەمریکی.

بەڵام پسپۆرانی کەرتی نەوت دەڵێن هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ فرەبوونی نەوت دەگەڕێتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە ئێستا رۆژانە لە نێوان ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو زیاد لە پێویست لە بازاڕەکانی جیهاندا هەن، بەڵام ئەگەر ئێران ئامانجی خۆی بپێکی و ئاستی بەرهەمهێنانی بگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ئەوا پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە جیهان بەجارێک دابەزێ.

ئا: ئا ، ف