موسەنا ئەمین: پێویستە كورد پشتیوانی لە گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی عێراق بكات
K24 - ھەولێر:
سهرۆكی فراكسیۆنی یهكگرتووی ئیسلامی له پهرلهمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە كورد پشتیوانی لە گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی عێراق بكات، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، وەك فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی جیدیتر لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن.
لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "پێویستە كورد پشتیوانی لە گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی عێراق بكات، بۆ ئەوەی بارودۆخی خۆی لە ناو حكوومەت راست بكاتەوە"
ئەوەشی خستەڕوو: "وەك فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا لە نێو خۆمان كۆبوونەوە دەكەین، بۆ ئەوەی ھەر فراكسیۆنێك كەسێك دیاربكات، گفتوگۆیەكی نزیكتر و جیدیتر لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران چ پۆستێكی بۆ كور داناوە، نابێ ئستحقاقی كورد لە 20% كەمتر بێت، لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە لە ناوخۆماندا رێك بكەوین لەسەر دابەشكردنی ئەو وەزارەتانەی بەر كورد دەكەون".
موسەنا ئەمین، باسی لەوەشكرد: "دەبێ ھەموو فراكسیۆنە كوردییەكان پێكەوە گفتوگۆ لەگەڵ عەبادی بكەین ھیچ لایەنێكی سیاسی بە تەنیا گفتوگۆی لەگەڵ نەكات".
ئەمە لە كاتێكدایە ھەفتەی رابردوو فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بارەی گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی عێراق كۆبوونەوە.