ئۆپۆزسیۆنی سووریا: بەبێ لاچوونی ئەسەد راگواستنی سیاسیی دەستپێناکات

24-هەولێر

ئەندامی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ، محەممەد عەلووش رایگەیاند قۆناغی راگواستنی سیاسیی لە سووریا دەستپێناکات ئەگەر سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد دەسبەرداری دەسەڵات نەبێ.

محەممەد عەلووش لە جنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە: "قۆناغی راگواستنی سیاسیی لەگەڵ رووخاندنی بەشار ئەسەد یان کوشتنی دەستپێدەکات، چونکە بە بوونی ئەم رژێمە و سەرۆکەکەی ناکرێ پرۆسەی راگواستن دەستپێبکات".

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی دووشەممە گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی ئاشتیی لەبارەی سووریاوە لە جنێڤ دەستپێبکات.

لەبارەی لێدوانەکانی دوێنێی وەزیری دەرەوەی سووریا، وەلید ئەلموعەلیم کە رایگەیاند پۆستی سەرۆک "هێڵی سوورە"، ئەندامی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ، محەممەد عەلووش کە حکوومەتی سووریا بە تیرۆریستی ناودەبات، گوتی: "ئەوە هیچ بەهایەکی نییە".

وەزیری دەرەوەی سووریا دوێنێ ئاماژەشی کرد کە: "شاندێکی حکوومەتی سووریا، (ئەمڕۆ یەکشەممە)، دەگاتە جنێڤ بۆ بەشداریکردن لە دانووستانەکانی ئاشتیی کە بڕیارە سبەی دووشەممە بە چاودێریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێبکات.

هاوکات پرسی بەشداریکردنی شاندی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (پەیەدە) لە دانووستانەکانی جنێڤ بووەتە جێی مشتومڕ لە کاتێکدا رووسیا پاڵپشتیی بەشداریکردنیان دەکات و تورکیا بە پێچەوانەوە، بەڵام ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند کە ئەوان هیچ داوەتنامەیەکیان پێنەگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە دانووستانەکانی جنێڤ.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە نێوان حکوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.

سەرچاوە: BBC، ئا: ئا ، ف