رووسیا نکۆڵیی دەکات داوای بە فیدڕاڵیکردنی سووریای کردبێ

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا: گەشبینین بە دانووستانەکانی جنێڤ

24-هەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، میخائیل بۆگدانۆف رەتیکردەوە مۆسکۆ لە دانووستانەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیی لە سووریا کردبێ.

میخائیل بۆگدانۆف راشیگەیاند: "تاوتوێکردنی ئەم پرسە شتێکی پووچە" و رەتیکردەوە مۆسکۆ ئەم بیرۆکەی خستبێتەڕوو و جەختی کرد کە: "پرسە هاوشێوەکان دەبێ خودی سوورییەکان بیخەنەڕوو و پێویستە لە نێوان خۆیاندا گفتوگۆ بکەن لەبارەی هەیکەلییەتی داهاتووی دەوڵەتی سووریا و دەبێ خۆیان لەسەر ئەم پرسە رێکبکەون".

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتیشی: رووسیا "لە باشترین پرسەوە دەستپێدەکات کە بریتییە لە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریا".

ئەم لێدوانەی بۆگدانۆف لە کاتێکدایە مشتومڕ لەبارەی پەیکەری داهاتووی دەوڵەتی سووریا چڕ بووەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی کرملین لەسەر زاری دیمتری بیسکۆف، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند کە ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان لەبارەی ئەم پرسە و چەند پرسێکی دیکە لە ئاستی پسپۆران بەردەوامە.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی دووشەممە گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی ئاشتیی لەبارەی سووریاوە لە نێوان حکوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە جنێڤ دەستپێبکات.

سەرچاوە: ئاژانسی تاس، ئا: ئا ، ف