كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە گروپی ھاریكاری سووریا دەستیپێكرد

چاوەڕێ دەکرێت لەو کۆبوونەوەیە وڵاتانی گروپی ھاریکاری سووریا داوا لە رووسیا بکەن، ئامانجی ھێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ داعش بێت و نەک بۆ سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوەکان.

K24 - ھەولێر:

كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە گروپی ھاریکاری سووریا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەستی پێكرد كە تایبەت بەتاوتوێکردنی ھەنگاوی داھاتوو لەمەڕ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا.

کۆبوونەوەکەی پاریس بەسەرپەرشتی جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لەو کۆبوونەوەیە وڵاتانی ھاریکاری سووریا داوا لە جۆن کیری بکەن، ئەمریکا رۆڵێکی فراوانتری ھەبێت لە چاودێریکردنی ئاگربەستەکەی سووریا کە لە 27 ی مانگی رابردووەوە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ھەروەھا چاوەڕێ دەکرێت لەو کۆبوونەوەیە وڵاتانی گروپی ھاریکاری سووریا داوا لە رووسیا بکەن، ئامانجی ھێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ داعش بێت و نەک بۆ سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوەکان.

دوو رۆژ دوای راگەیاندنی ئاگربەست ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگەیاند،  به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئه‌سه‌ده‌وه‌،  ئاگربەستەكە رووبه‌ڕووی جێبه‌جێنه‌كردنی ته‌واوه‌تی بووه‌ته‌وە، ھەروەھا روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رووسیا تۆمەتباردەكات بەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج.

داڕشتنەوە: ش ،م