رووسیا: پێویستە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستبەرداری داواکاریی لاچوونی ئەسەد بێ

"داوا دەکەین هەلێک بە کورد بدرێ بۆ ئەوەی نوێنەریان لە دانووستانەکاندا هەبێ"

24-هەولێر

نێردراوی رووسیا لە نووسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، ئەلیکسی بۆرۆداڤکین رایگەیاند پێویستە دەست بەجێ ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستبەرداری داواکاریی لاچوونی ئەسەد بێ.

ئاژانسی سپۆتنیکی رووسیا لە زاری ئەلیکسی بۆرۆداڤکینی گواستەوە کە: "لە بەر ئەوەی ئەم جۆرە داواکارییانە پراکتیکی نین، ناکرێ لە رووی پراکتیکەوە بەدی بێت، ئەمەس بەو واتایەیە کە بە سادەیی ئەو بەرهەڵستکارە توندڕەوانە لە راستیدا ئامادە نین بۆ بەشداریکردن لە دانووستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن".

ئەم لێدوانانەی بەرپرسە رووسییەکە لە وەڵامی لێدوانێکی ئەندامی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ، محەممەد عەلووش لە جنێڤ هات کە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "قۆناغی راگواستنی سیاسیی لەگەڵ رووخاندنی بەشار ئەسەد یان کوشتنی دەستپێدەکات، چونکە بە بوونی ئەم رژێمە و سەرۆکەکەی ناکرێ پرۆسەی راگواستن دەستپێبکات".

نێردراوی رووسیا لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گوتیشی: "هەماهەنگیی نێوانی ئێمە و ئەمریکا لە بوارەکانی سەربازیی و دیبلۆماتیی لە ئاستێکی باڵان و پەیوەندیی لەبارەی کارەوە رۆژانە بەردەوامە و هەموو پرسەکان بە هێمنی و پراکتیکی تاوتوێ دەکەین".

بەرپرسە رووسییەکە هاوکات رەخنەی لە هەڵوێستی تورکیا گرت کە بەشداربوونی شاندی کوردی لە دانووستانەکانی جنێڤ رەتکردەوە و گوتی: "ئێمە داوا دەکەین هەلێک بە کورد بدرێ بۆ ئەوەی نوێنەریان لە دانووستانەکاندا هەبێ و بە دۆستانمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا دەڵێین ئەمە رووتاندنەوە کە تورکیا دەڵێ ئەگەر کوردانی سووریا بەشدار بن شکست بە دانووستناکەنا دێنین، ئەمە پرسێکە قبووڵ ناکرێ، بگرە تەواو جێی قبووڵ نییە".

بڕیارە سبەی دووشەممە گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی ئاشتیی لەبارەی سووریاوە لە نێوان حکوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە جنێڤ دەستپێبکات.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە نێوان حکوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.

ئا: ئا ، ف