ئه‌مریكا و كۆریای باشوور مانۆڕی سه‌ربازیی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن

نزیكه‌ی 32 هه‌زار به‌شدارییان له‌و مانۆڕه‌ كرد
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/4dc31514-f167-41bd-b340-5bdab5bca9e6/SKorea%20US%20Manori%20Hawbas.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

بێچووی ھەڵۆ، ئەمە ناوی ئەو مانۆڕە سەربازییە ھاوبەشەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشوورە کە ساڵانە بۆ بەھێز کردنی توانا سەربازییەکانیان و نمایشکردنی ھێزی سەربازیان ئەنجامی دەدەن.

 ئەمساڵ بە بەشداری ٣١٧٠٠٠ سەربازی ئەو دوو وڵاتە گەورەترین مانۆری سەربازی ئەنجامدرا.

مانۆرەکە ماوەی ٥٣ رۆژ بەردەوام دەبێت لە ٨ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردوە و تا ٣٠ مانگی داھاتوو بەردەوام دەبێت.

جەیسن جێنسن، فەرماندەی ھێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە کۆریای باشوور، ئامانجی مانۆرەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێمە پێمانوایە راھێنانی ھاوبەش، بەھێزمان دەکات، بەدڵنیاییەوە ھەبوونی ھێزێکی ھاوبەش و کاریگەر سەقامگیریی نیمچه‌دوورگەی کۆریا مسۆگەر دەکات، نە تەنھا بۆ ئەم ناوچەیە بەڵکو ئم مانۆڕە دڵنیایی تەواو دەداتە خەڵکی کۆریای باشوور."

ئه‌و مانۆڕە سەربازییە کاردانەوەی کۆریای باکووری بەدوای خۆیدا ھێنا و رایگەیاند: "ئەگەر مانۆرە سەربازییەکەی ئەمریکا و کۆریای باشوور درێژه‌ بکێشێت حکوومەتی پیۆنگ یانگ ئامادەیە وەڵامیان بداتەوە".

لەلایەکی دیکەوە رووسیا و چین رەخنەیان لە سیستەمی دژه‌ مووشەکی بالیستی گرت کە ئەمریکا لە مانۆڕەکەدا نمایشی کردووە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین گوتی: "" تێبینیی خۆمان ھەیە لەسەر ھێنانی سیستەمی دژی مووشەکی بالیستی،  لە مەترسییەکانی کۆریای باکوور و ئامادەکارییەکانی کۆریای باشوور باش تێدەگەین بەڵام وەک چین و روسیا دژی ھێنانی سیستەمی دژه‌ مووشەکی بالیستین لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ناوچەکە چونکە پلانی ستراتیژیی ئەمنی چین و رووسیا و بارودۆخی ناوچەکە زیاتر تێکدەدات."

دوای تاقیکردنەوەی بۆمبی ھایدرۆجینی لەلایەن کۆریای باکوور و سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بارودۆخی نیمچه‌دوورگەی کۆریا زیاتر ئاڵۆز بووە.