ده‌رماڵه‌یه‌ك بۆ پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی خه‌رج ده‌كرێ

"ئه‌و ده‌رماڵه‌ به‌ گوێره‌ی پێویستی و تایبه‌تمه‌ندیی شوێنه‌كان خه‌رج ده‌كرێ"

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جگە لە مووچە، مانگانە دەرماڵەیەك بەناوی دەرماڵەی ئیشكردن ‌و هەستیاری بۆ پزیشك ‌و كارمەندانی تەندروستی خه‌رجده‌كات.

دكتۆر رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان بە ماڵپه‌ڕی كوردستان24 گوت: "دەرماڵەكە بۆ پزیشك لە 300 بۆ 500 هەزار دینار، بۆ كارمەندی تەندروستی لە 200 بۆ 300 هەزار ‌و بۆ كارمەندی ئیداریش لە  75 بۆ 150 هەزار دینار دەبێت".

دكتۆر رێكه‌وت گوتیشی: "ئەو پارەیە بەپێی پارێزگاكان دابەشكراوە، بۆ سلێمانی ‌و هەڵەبجە 1ملیار‌ و600 ملیۆن دینار، بۆ هەولێر 1 ملیار ‌و 400 ملیۆن و بۆ دهۆكیش 1 ملیار دینار دانراوە".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دكتۆر سامان به‌رزنجی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی هه‌ولێر به‌ ماڵپه‌ڕی كوردستان24 راگه‌یاند: "سیستمی پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ ، وایكرد هه‌ندێك له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی مووچه‌یان زۆر كه‌مبێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی پزیشكانی نیشته‌جێی خولاو و ئه‌و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستییانه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ دامه‌زراون".

دكتۆر سامان به‌رزنجی گوتی: "له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌ی بڕیاردرا ده‌رماڵه‌یه‌ك به‌ ناوی ده‌رماڵه‌ی هاندان بۆ پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌ گوێره‌ی پیویستیی و تایبه‌تمه‌ندیی شوێنه‌كان وه‌ك (فریاكه‌وتن، یه‌كه‌ی چاودێڕی چڕ، هۆڵی له‌ دایكبوون، هۆڵی فریاگوزاریی و شوێنه‌ هه‌ستیارییه‌كان كه‌ 24 كاتژمێر په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌) خه‌رجبكرێ".   

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر گوتیشی: "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم بڕی 4 ملیار دیناری بۆ ئه‌و ده‌رماڵه‌ بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكردووه‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌شكراوه‌ كه‌ ره‌چاوی تایبه‌تمه‌ندیی شوێنه‌كه‌ی تێداكراوه‌".

ئا: م.ح