ژان مارك ئایرۆ: تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشە

"ئەمریكا ئەو پرسەی گەیاندووەتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیاڕە لەم ھەفتەیەدا بخرێتە بەرباس"

K24 - ھەولێر:

ژان مارك ئایرۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە و یەكێتیی ئەوروپا دەتوانێت بەو ھۆیەوه‌ گەمارۆی نوێ بخاتە سەر ئێران.

ژان مارك ئایرۆ ،تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێرانی ئیدانە كرد و رایگەیاند: لە ئەگەری دانانی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران، ھیچ لایەنێك ناتوانێت رەخنە لە یەكێتیی ئەوروپا بگرێت لە بەر ئەوەی ئێران بەو مانۆڕە سەربازییە بە ئاشكرا رێككەوتنەكانی پێشێل كردووە.

ھەروەھا گوتیشی: ئەمریكا ئەو پرسەی گەیاندووەتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیاڕە لەم ھەفتەیەدا بخرێتە بەرباس.

لە ھەفتەی رابردوودا، ئێران چەند مووشەكێكی بالستیی تاقیكردەوە مەوداكەی 1400 كیلۆمەتربوو بەزمانی عیبریی لە سەری نووسرابوو پێویستە ئیسرائیل رابماڵرێ، بەمەش كاردانەوەی توندی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی لێكەوە.

 ئا: ش ،م