دواین زانیاری لەبارەی تەقینەوەكەی ئەنقەرە

ژمارەی كوژرا و بریندار زیادتر بوو

K24 - ھەولێر:

بە گوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی توركیا ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكەی دوێنێ شەوی ئەنقەرە بوو بە 37 كەس و 125كەسی دیكەش بریندار بوونە.

وەزارەتی تەندروستی توركیا رایگەیاند: "لە تەقینەوەی شەوی رابردووی ئەنقەرە 37 كەس گیانیان لە دەستداوە و 125كەسیش برینداربوونە، ھەروەھا 19 كەس لەبریندارەكان باری تەندروستیان ناجێگیرە".

تەقینەوەكەی ئەنقەرە لێدوان و كاردانەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە، لە راگەیاندراوێكدا ئەحمەد داود ئوغڵوو، سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند: "تەقینەوەكە لە رێگەی ئوتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەراجی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەرنشینان ئەنجامدراوە و ھێرش كراوەتە ھاووڵاتیانمان، بە ناوی خۆم و وڵات و گەلەكەم ئەو ھێرشە شەرمەزار دەكەم".

لە لایەكی دیكەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: "دەوڵەتی ئێمە لە ھەمبەر ھێرشەكاندا دەوەستێتەوە و پاشەكشە ناكات، ھەموو ھێز و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان لە بەرامبەر ئەو ھێرشانە تێدەكۆشن، داوا دەكەم گەلی ئێمە ئێستا لە ھەموو كات زیاتر یەكگرتووبن".

ھەر لە كاردانەوەكان دژی تەقینەوەكەی ئەنقەرە زۆر لە سەركردە و سیاسەتمەدارانی توركیا تەقینەوەكەیان شەرمەزاركرد، كەمال كلكدار ئۆغلوو، سەرۆكی پارتی كۆماری گەل (جەھەپە) لە لێدوانێكدا گوتی: "دەبێ ھەموو كەس ئەو ھێرشە شەرمەزار بكەن، چونكە ئەو ھێرشە برایەتی و ئاشتی ئێمەی كردوەتە ئامانج، بەڵام گەلی ئێمە بە یەكگرتن و پێكەوە بوون ئامانجی ئەو كەسانە پوچەڵ دەكاتەوە".

سەبارەت بە ئاشكراكردنی بكەرانی تەقینەوەكە ئەفكان ئالا، وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "زۆر ئەنجامان دەستكەوتووە، بەڵام جارێ ناتوانین ئاشكرای بكەین كە كام گروپ و رێكخستن تەقینەوەكەی كردووە، بەڵكو كە لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە تەواو بوو ئەو كات ئاشكرای دەكەین".

شەوی رابردوو تەقینەوەیەكی بەھێز لە ناوچەی گوڤەن پارك، لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا روویدا، تا ئێستا ھیچ كەس و لایەن ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە نەخستوەتە ئەستۆی خۆی.

سەرچاوە: DHA