رووسیا: تورکیا سنووری بەزاندووە و خاکی سووریا داگیر دەکات
K24-هەولێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگێ لاڤرۆڤ رایگەیاند تورکیا سنووری بەزاندووە و خاکی سووریای داگیر کردووە.
سێرگێ لاڤرۆڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لگەڵ کەناڵی (رین تی ڤی) راشیگەیاند: "تورکیا کە داوای پاڵپشتینەکردنی پێگەکانی کورد دەکات لە سووریا، ئێستا سەروەری خۆی کردووەتە بیانۆ بۆ دروستکردنی چەند ناوچەیەکی ئەمنیی لە نێو خاکی سووریا".
سێرگێ لاڤرۆڤ گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانمان تورکەکان پێگەی خۆیان لە دووری سەدان متر لە سنوورەوە لە نێو خاکی سووریا، ئەمە فراوانبوونە".
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەشی کرد کە: "مۆسکۆ جەخت دەکاتەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێویستە کورد لە دانووستانەکانی ئاشتیی لە سووریا بەشداربێ"، کە رۆژی دووشەممە لە جنێڤ دەستپێدەکات و تاوەکوو 24/3/2016 بەردەوام دەبێ.
لاڤرۆڤ روونیشی کردەوە کە: "لە ئەگەری پەراوێزخستنی کورد لە دانووستانەکان لەبارەی ئایندەی سووریا، باشە چۆن دەبێ پێشبینی بکەین ببنە بەشێک لەم وڵاتە (مەبەستی سووریایە)".
رۆژی هەینیی ترابردوو، رووسیا رایگەیاند: بەشدارینەکردنی کورد لە دانووستانەکانی ئاشتیی ئاماژەیەکی لاواز دەبێ لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و ئیندانەی دژایەتی تورکیای کرد بۆ بەشداریکردنی کورد لە دانووستانەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنتڕۆڵ کردووە کە دەکاتە نزیکەی 10% روبەری سووریا.
هاوکات یەپەگە لە لایەن ئەمریکا و رووسیاوە هاوکاریی دەکرێت لە دژی چەکدارانی داعش و گرووپی بەرەی نوسرەی سەر بە رێکخراوی قاعیدە لە سووریا.
تا ئێستا چەند جارێک سوپای تورکیا پێگەکانی یەپەگەیان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کردووە.
سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف