ئۆباما رەخنە لە سعودییە دەگرێت

ئۆباما، سعودییە بەوە تۆمەتبار دەكات، زۆر جار لە دەرەوەی بابەتە پەیوەندیدارەكان بڕیار دەدات

K24 - ھەولێر:

باراك ئۆباما رەخنەی لە سعودییە دەگرێت، تۆمەتباری دەكات بەوەی دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكات.

باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی تابیەتدا كە لە گۆڤاری زە ئەتلانتیك بڵاوكراوەتەوە، سعودییە بەوە تۆمەتبار دەكات، زۆر جار لە دەرەوەی بابەتە پەیوەندیدارەكان بڕیار دەدات و دەستێوەردان دەكات لە كاروباری وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ھەروەھا ئۆباما رەخنەی ئەوەشی لە حكوومەتی سعودییە گرتووە، خۆی لە گەڵ ئێران ناگونجێنێت و پاڵپشتی ھەندێك گروپی توندڕەو دەكات.

لە كاردانەوەیكیشدا لە بەرامبەر لێدوانەكانی ئۆباما، باڵیوزی پێشووی سعودییە لە ئەمریكا، شازادە تركی فەیسەڵ، رەخنەی توندی لە سەرۆكی ئەمریكا گرت لەسەر لێدوانەكانی و رایگەیاند كە سعودییە بەرپرسیارانە ھەڵسوكەوت دەكات.

پێشبینی دەكرێت ئەو لێدوانانەی ئۆباما كاردانەوەی زیاتری حكوومەتی سعودییە بەدوای خۆیدا بھێنێت، بە تایبەت لە كاتێكدا كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و سعودییە لە ئاستێكی باشدایە و بە ھاوپەیمانی یەكتردادەنرێن.

بەڵام تا ئێستا حكوومەتی سعودییە بەفەرمی ھیچ وڵامێكیان نەبووە.