لە مەخموور ھێرشكرایە سەر سوپای عێراق

"پێشمەرگە بریندارەكانی گەیاندە نەخۆشخانە"

K24 - ھەولێر:

بەرپرسی میحوەری مەخمووری ھێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، چەند خۆكوژێكی داعش ھێرشیان كردە سەر فرقەی سوپای عێراق لە شارۆچكەی مەخموور.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) نەجات عەلی، بەرپرسی میحوەری مەخموور رایگەیاند: "كاتژمێر 3ی شەوی رابردوو داعش لە رێگەی سێ خۆكوژەوە ھێرشی كردە سەر فرقەی 15ی سوپای عێراق لە مەخموور، لە ئەنجامدا چەند سەربازێكی سوپای عێراق برینداربوون".

گوتیشی: "دوای رووداوەكە وەك ھێزی پێشمەرگە گەیشتینە فیرقەی سوپای عێراق و سەربازە بریندارەكان بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی لە لایەن پێشمەرگەكانەوە گەیەنرانە نەخۆشخانە".

لە بارەی پەیوەندی و ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە میحوەری مەخموور نەجات عەلی، گوتی: "پەیوەندی و ھەماھەنگیمان لەگەڵ سوپای عێراق باشە و ژووری ھاوبەشمان ھەیە".

لە ماوەی رابردوودا بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ پڕۆسەی رزگاركردنی شاری موسڵ، فیرقەی 15ی سوپای عێراق لە مەخموور جێگیركرا، بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە ژمارەی سەربازەكانی سوپای عێراق لە مەخموور زیاتر لە 4 ھەزار سەرباز دەبێت.