نێیمار دەیەوێت بەشداریی کۆپا ئامێریکا و ئۆلۆمپیاد بکات

پێچەوانەی ویستی یانەکەی

K24- هەولێر

نێیمار داسێلڤا، یاریزانی بەڕازیلی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت هاوینی داهاتوو بەشداریی یارییەکانی کۆپا ئامێریکا و ئۆلۆمپیاد بکات، لە کاتێکدا یانەکەی دژی ئەو ویستەی نیمۆیە.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، ریناڵدی، بەرپرسی هەماهەنگییەکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل رایگەیاندووە کە نێیمار داواکارییەکی پێشکەشکردوون و داوایکردووە هاوینی داهاتوو بەشداریی کۆپا ئامێریکا و ئۆلۆمپیاد بکات، لە کاتێکدا پێشتر لویز ئێنریکی رایگەیاندبوو، لەمبارەیەوە لەگەڵ کارلۆس دۆنگا کۆدەبێتەوە و دۆنگاش گوتبووی، پێویستە نێیمار بەشداریی ئۆلۆمپیاد بکات، نەوەک کۆپا ئامێریکا.

چاوەڕێ دەکرێت بەمزووانە یانەی بارسێلۆنا و فێدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل لەبارەی کەیسەکەی نێیمار کۆببنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردنی نیمۆ لە کۆپا ئامێریکا و ئۆلۆمپیادیی 2016 بدەن.