وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ژمارەی هەڵاتوان لە ریزەکانی داعش رووی لە زیادبوونە

K24-هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کێربی رایگەیاند ژمارەی هەڵاتوان لە ریزەکانی داعش رووی لە زیادبوونە و رێکخراوەکە ئێستا زیاتر پەنا بۆ چەکدارکردنی منداڵان دەبات.

جۆن کێربی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "بە چڕی لەگەڵ دەسەڵاتداریی عێراق و کورد کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەی زیاتر بۆ دڵنیابوون لە راستیی زانیارییەکان".

بەڵام جۆن کێربی زانیارییەکانی لەبارەی خۆ رادەستکردنی ئەندامێکی داعش لە نزیکی شارۆچکەی شنگال کە بە ناسنامە ئەمریکییە، پشتراست نەکردەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "هەڵاتووی زیاتر هەن و داعش ئێستا زیاتر پشت بە چەکدارە منداڵەکان دەبەستێ، ئەوان پشت بە منداڵان دەبەستن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی و دواتر بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژیی بەکاریان دەهێنن".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە: "ئێستا زانیاریی زیاترمان هەیە کە ئەوان ئێستا منداڵان لە شەڕی راستەقینە بەکاردەهێنن لەپاڵ بەکارهێنانی چەکدارانی گەورە، هەموو ئەمانە بۆمان روون دەکەنەوە کە ئەوان بە زەحمەت دەتوانن (ئەندام لە ریزەکانی خۆیان) رێکبخەن و وەک بڵێی بناغەی رێکخراوەکە لە بواری رێکخستن و سەرچاوەکانی تێکدەچن".

بەڵام جۆن کێربی ئاشکرای کرد کە: وڵاتەکەی هێشتا "بە جدیی دەڕوانێتە ئەم هەڕەشەیە" و "تاواناکان هێشتا بەردەستن" بۆ چەکدارانی داعش.

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف