دۆناڵد ترەمپ: عێراق بووەتە بەرھەمھێنەری تیرۆرستان

"بارودۆخی ئێستای عێراق، لە عێراقی سەردەمی سەددام حوسێن خراپترە"

K24 - ھەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایدەگەنێت عێراق، بووەتە وڵاتی بەرھەمھێنی تیرۆرستان.

دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند: بارودۆخی ئێستای عێراق، لە عێراقی سەردەمی سەددام حوسێن خراپترە، عێراق ئێستا بۆ تیرۆرستان وەكو زانكۆی ھارڤەردی لێھاتووە.

دۆناڵد ترەمپ رەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و شەڕی داعش دەگرێت و دەڵێت، ھەموو کەس دەزانێت سەدام حوسێن پیاوێکی خراپبوو، بەڵام ئەو تیرۆرستانی دەکوشت، ئێستا عێراق بووەتە زانکۆی ھارڤەرد بۆ تیرۆرستان، ئەوە جیاوازی ئێمە و ئەو بوو. ئەو تیرۆرستانی دەکوشت و ئێمە نایانکوژین، ئێستا ئەو وڵاتە بووەتە بەرھەمھێنەری تیرۆرستان.

بڕیارە رۆژی سێشەممە، لە پێنچ ویلایەتی ئەمریکا گەڕێکی نوێی ھەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی کۆمارییەکان بەڕێوەبچن، ئەگەر ترەمپ سەرکەوتن لەو پێنچ ویلایەتە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو بەربژێرە  لەسەدا 95% پێشبڕکێی بوونە کاندیدی سەرەکی پارتی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی  ساڵی داھاتووی ئەمریکا مسۆگەر دەکات.

دۆناڵد ترامپ، سەرمایەدارێكی گەورەیە و خاوەنی دامەزراوەی ترامپە كە خاوەندارێتی ژمارەیەكی زۆرلە هۆتێل و گازینۆ لە سەرانسەری جیهان دەكات.

داڕشتنەوە: ش ، م