رۆژھەڵاتی كوردستان...دەروازە سنوورییەكان بۆ كۆڵبەران دەكرێنەوە

K24 - ھەولێر:

یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان رایگەیاند، كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان بۆ كۆڵبەران مافی خۆیانە، لەداھاتوویەكی نزیكدا ئەو دەروازانە دەكرێنەوە.

عەلیرەزا ئاشناگەر، یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری سنە لە دوازدەیەمین كۆبوونەوەی كۆمسیۆنی پلاندارێژی پارێزگای سنە رایگەیاندووە: "داھاتی كەمكردنەوەی گومرگەكانی سنووری پارێزگای سنە بۆ خەڵكی ھەژارو كەمدەرامەتە نەبووە، ھەر بۆیە كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان بۆ كۆڵبەران مافی خەڵكی سەرسنوورە".

ئاشكرایكردووە: "داخرانی ئەو دەروازانە بەھۆی كێشەی ئیداریی بووە و لە داھاتوویەكی نزیكدا دەكرێنەوە، زۆرینەی خەڵكی سەر سنوور لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە رێگەی كۆڵبەری یاسایی و قاچاغ ژیان و گوزەرانی خۆیانیان دابین دەكەن".

نزیكە مانگێك دەبێت كۆماری ئیسلامی ئێران دەروازە سنوورییەكانی كۆڵبەری لە رۆژھەڵاتی كوردستان داخستووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كاری رۆژانەی زۆربەی خەڵكی شار و گوندەكانی سەرسنوور كۆڵبەرییە و لە رێگەی ئەو كارەوە داھات پەیدا دەكەن، زۆرجاریش لە لایەن ھێزە ئەمنییەكان و پاسدارانی ئێران تەقەیان لێ دەكرێت و تووشی رووداوی جۆراوجۆر دەبن.

سەرچاوە: كورد پرێس