لە بەلجیكا بەھۆی رووداوی تەقەكردنەوە 3 پۆلیس برینداربوون

دوو چەکداری داعش لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کردووە و دزەیان کردووەتە ناو بەلجیکا.

K24 – ھەولێر:

بەھۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە لە برۆکسل پایتەختی بەلجیکا 3 پۆلیس بریندار بوون.

رووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە پۆلیس سەرقاڵی گەران بوون بەدوای ئەو دوو چەکدارەکەدا کە پەیوەندیان بە ھێرشەکەی 13 تشرینی دووەمی ساڵی رابردووە شاری پاریسی پایتەختی  فەرەنسا ھەبووە، كە بەھۆیەوە 130کەس گیانیان لەدەستدا.

 دوای روداوەکەی پاریس پۆلیسی بەلجیکا ئاشکرایکرد زانیارییان دەستكەوتووە، دوو چەکداری داعش لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کردووە و دزەیان کردووەتە ناو بەلجیکا.

لە کاتی لێکۆڵینەوەی ھێزەکانی پۆلیس ئەو دوو چەکارە تەقەیان لە پۆلیس کردوە و ٣ پۆلیس بریندار بوونو پۆلیس لە ھەوڵدایە بۆ دەستگیر کردنی ٢ چەکدارەکە.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەکەی ھاوکاری پۆلیسی بەلجیکا دەکات لە دەستگیر کردنی تەقەکەرەکانی شاری برۆکسل.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووچەند ھێرشێك و تەقینەوەیەك لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا روویدا، لە ئاكامدا لە زیاتر لە 100 كەس كوژران زیاتر لە 300 كەسیش برینداربوو، داعش رووداوەكەی خستە ئەستۆی خۆی، دوای رووداوەكە میدیاكانی فەرەنسا لە زاری دەزگا ئەمنییەكانی فەرەنسا بڵاویانكردووە كە چەكداران دزەیانكردووەتە بەلجیكا.