ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: بەپێی یاسا مانگرتن قەدەغەیە

"نابێ مانبگرین لە کاتێکدا هێزەکانمان لەگەڵ داعشدا لە شەڕدان"

K24-هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند بەپێی یاسا مانگرتن قەدەغەیە، چونکە نابێ مانبگرین لە کاتێکدا هێزەکانمان لەگەڵ داعشدا لە شەڕدان.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، راشیگەیاند: "بەپێی یاسا رێگە نادرێ مانگرتن ئەنجام بدرێ". هاوکات جەختیشی کرد لەسەر ئەوەی کە: "پێویستە (مانگتن) لە چوارچێوەی یاسا ئەنجام بدرێ دوای وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمیی".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتیشی: "بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەکان بە جەنگی دژی (داعش) ئەستەمە ئەو هێزانە بتوانن گردبوونەوە بەردەوامەکان بپارێزن".

ئەمە لە کاتێکدایە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوێنێ، لە راگەیەندراوێکدا ستایشی هێزە ئەمنییەکانی کرد و بۆ "پاراستنی" خۆپێشاندەران و شەڕی دژی داعش لە یەک کاتدا، هاوکات داوای پابەندبوونی بە یاسای تایبەت بە شوێنی خۆپێشاندان کرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاوکات هۆشداری دا لەوەی "هەر پێشێلکارییەک ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سامانی گشتیی و هاوڵاتییان" و جەختیشی کرد کە: "ئەرکی حکوومەت پاراستنی سەقامگیریی گشتیی و رێگە گرتنە لە هەر دزەکردنێک گرووپە تێکدەرەکان سوودی لێوەربگرن".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە هەمان کاتدا ئاشکرای کرد کە: "وەزیرانی ئامادەن دەستبەرداری پۆستەکانیان بن لە پێناو پاڵپشتیکردنی پرۆژەی چاکسازیی".

بەڵام موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدری شیعە لە عێراق رایگەیاند: "لە پێش سێ دەروازەی ناوچەی سەوزی بەغدا (ناوچەی سەرەکیی دەسەڵات و حکوومەتی عێراق) ماندەگرین و رێگەکان بە خێوەتگەکان داناخەین".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان بڕیارە لەسەر داوای رابەری رەوتی سەدر لە هەینیی داهاتووەوە لایەنگرانی رەوتەکە دەست بە مانگرتن بکەن لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا بۆ ناچارکردنی حکوومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە عێراق.

ماوەی چەند هەفتەیەکە لایەنگرانی رەوتی سەدر رۆژانی هەینیی لە بەغدا خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن لە دژی بڵاوبوونەوەی "گەندەڵیی سیاسیی و دارایی" لە عێراق.

ئا: ئا ، ف