کۆمسیۆنی پەنابەران داوا دەکات 400 هەزار کۆچبەری دیکە وەربگیرێن

K24-هەولێر

کۆمسیاری باڵای کاروباری کۆچبەران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلیپۆ گراندی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد 400 هەزار کۆچبەری دیکەی سووریا لەخۆبگرێ.

فیلیپۆ گراندی کە تازە بە کۆمسیاری باڵای کاروباری کۆچبەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کراوە لە واشنتنەوە راشیگەیاند: "لە 30 ئەم مانگە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی جنێڤ دەکەم و داوا دەکەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە 10%ی کۆچبەرانی سووریا لەخۆبگرێت".

فیلیپۆ گراندی بە رۆژنامەنووسانیشی گوت: "لە 10% ژمارەیەکی زۆرە واتا زیاتر لە 400 هەزار کەس" لەو کۆچبەرانەی کە لە جەنگی پێنج ساڵەی سووریا هەڵاتوون.

بەپێی روانگەی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تا ئێستا زیاتر لە 270 هەزار هاوڵاتیی سووریا بەهۆی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە کوژراون و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سووریا ئاوارە بوونە و چوار ملیۆن لەو ئاوارانەش لە وڵاتانی دەرهاوسێی سووریا و وڵاتانی جیهان پەنابەرن.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی حکوومەتی ئەڵمانیا، ئەو وڵاتە بە تەنیا تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەری سووریای لەخۆگرتووە.

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف