نێچیرڤان بارزانی: دیزاینكردنەوەی ناوچەكە بەبێ بەشداریی گەلی كوردستان سەركەوتوو نابێت

" ئەو تیرۆر و توندوتیژییەی روویان لە كوردستان كردووە، لە ئەنجامی ململانێ تایفییە نێوخۆییەكانی ناوچەكانی دەوروبەری كوردستانە"

K24 – ھەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی گوتارەكەی لە چوارەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، دیزاینكردنەوەی ناوچەكە بەبێ بەشداریی گەلی كوردستان سەركەوتوو نابێت.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: " هەرێمی كوردستان بووەتە قوربانیی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، ئەو تیرۆر و توندوتیژییەی روویان لە كوردستان كردووە، لە ئەنجامی ململانێ تایفییە نێوخۆییەكانی ناوچەكانی دەوروبەری كوردستانەوەیە، لە دەرەوەی كوردستانەوە بۆمان هاتووە، بەڵام بە خوێن و فیداكاريی زۆری گەلی كوردستان، رێگری لەو مەترسییە كراوە لەسەر كوردستان و هەموو جیهان".

 سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بارەی دیزاینكردنەوەی ناوچەكە ھۆشداری دا و گوتی: " لە ئێستا و لە ئایندە، بۆ ئاراميی ئەو ناوچەیە، كوردستان خاوەن پێگەیەكی زۆر گرنگە ، دەتوانێ بەردەوام رۆڵێكی زۆر گەورە بگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهاندا، بۆ هەر دیزاینكردنەوەیەكی ناوچەكە لەهەر روويه‌كەوە بێت، بەبێ بەشداريی گەلی كوردستان و دوور لە ره‌چاوكردنى بەرژەوەندییەكانی گەله‌كه‌مان سەرناكەوێت، چونكە هەرێمی كوردستان كۆڵەگەیەكی گرنگی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا".