ئیبراھیم جەعفەری: پێویستە ھەنگاوەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دیار بكرێن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c2527b0e-a085-4587-bc3c-71548e4b769f/Ibrahim%20Jafari%202.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا جیھان نەیتوانیوە وەك پێویست رووبەڕووی تیرۆ ببێتەوە، پێویستە چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە و ھەنگاوەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دیار بكرێن.

لە میانی بەشداریكردنی لە چوارەمین دیداری زانكۆی ئەمریكی–سلێمانی، ئێبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ جیھان تووشی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بووەتەوە بە شێوەیەكی گشتی كە لە جیھاندا وێنەی كەمە".

جەعفەری گوتیشی: "لەم چەند ساڵەدا تیرۆر بە شێوەیەكی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، زۆرێك لە وڵاتانی ئەمریكا و ئەرووپا و وڵاتانی دیكەش تووشی ئەم گەردەلولەی تیرۆر بوونەتەوە، بە داخەوە تا ئێستا جیھان نەیتوانیوە وەك پێویست رووبەڕووی تیرۆ ببێتەوە، بۆیە پێویستە چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە و ھەنگاوەكان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر دیار بكرێن".

لە بە شێكی گوتارەكەیدا باسی لە ساڵیادی كیمیابارانی ھەڵەبجە كرد و گوتی: "28ساڵ بەسەر ئەم كارەساتە جەرگبڕە تێدەپەڕێت، لەوانەیە جیاوازیم ھەبێت لەگەڵ ھەندێك رای ھاورێیانم، ئەمڕۆ لە كاتێكدا لێرە یادی ئەو رۆژە شوومە دەكەینەوە، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە ھەڵەبجە تەنھا پارچە زەوییەك نییە، كارەساتێكە ھۆكاربووە بۆ چەندین داستان و ھۆنراوەی ئەدەبی لە لایەن شاعیرانی وەك مەولەوی، نالی، ئەحمەد موختار جاف، ئەحمەد كاكە مەحموود و زۆرێك لەو كەسانە كە بوونەتە چرای رۆشنكەرەوەی ئەو شارە، بۆیە دەڵێم ھەڵەبجە ناوچەیەكی فراوانی رۆشنگەری و پێشكەوتنە".