نرخی نەوت بەرزبووەوە

K24-هەولێر

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی نەوتی ئاستی پێوەری برێنت گەیشتە 38.85 دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی پسپۆران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمڕۆ لە بازاڕەکان نزیکبوونەوەی کۆبوونەوەی وڵاتانی گەورە بەرهەمهێنەری نەوتە لە قەتەر بۆ رێککەوتن لەبارەی سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن ئەو وڵاتانەوە لەپاڵ پێشبینییەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا.

بەڵام بەشێک لە شرۆڤەکاران هۆشداریی دەدەن و دەڵێن سڕکردن یان کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاماژەیەک نابن بۆ کۆتاییهاتنی فرەبوونی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکا لە گرێبەستە پێشوەختەکان، ئەمڕۆ، گەیشتە 36.64 دۆلار.

لای خۆیەوە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) رایگەیاند: "کۆبوونەوەی بەرهەمهێنەران بە سەرۆکایەتی سعوودییە و رووسیا بۆ تاوتوێکردنی سڕکردنی ئاستەکانی بەرهەمهێنان لە 17/4/2016 بەڕێوەدەچێ و ئێران تێیدا بەشدار نابێ".

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف