پێشبینیى ده‌كرێت كورد له‌ سووریا سیستمى فیدراڵى رابگه‌یه‌نێت

"ئه‌و راگه‌یاندنه‌ به‌ واتاى فراوانكردنى چوارچێوه‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌"

K24 – هه‌ولێر: 

به‌رپرسێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى كانتۆنى كۆبانێ رایگه‌یاند, پێشبینى ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سیستمى فیدرالى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ بنده‌ستى كوردن له‌ سووریا رابگه‌یه‌ندرێت.

ئیدریس نه‌عسان به‌رپرس له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى كانتۆنى كۆبانێ به‌ رۆیته‌رزى راگه‌یاند: "راگه‌یاندنى فیدرالى به‌ واتاى فراوانكردنى چوارچێوه‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ كه‌ كورده‌كان و ئه‌وانى دیكه‌ پێكیان هێناوه‌". 

كانتۆنى كۆبانێ یه‌كێكه‌ له‌و سێ ناوچه‌ خۆ به‌ڕێوه‌به‌رییه‌ى كه‌ پێش دوو سالأ له‌مه‌وبه‌ر گرووپه‌ كوردییه‌كان دایانمه‌زراندووه‌. 

له‌ دواى ده‌ستپێكردنى شۆرشى سووریا له‌ ئازارى 2011 و پاشان رژێمى به‌شار ئه‌سه‌د له‌ شاره‌كانى رۆژئاواى كوردستان كشایه‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ گرووپه‌ كوردییه‌كان له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌مووشیان پارتى یه‌كێتیى دیموكراتى كورد (په‌یه‌ده‌) پێش دووسالأ له‌مه‌وبه‌ر سیستمى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریان له‌ چوارچێوه‌ى سێ كانتۆن له‌ رۆژئاواى كوردستان راگه‌یاند. 

له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا هێرشى چه‌كدارانى داعش بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان چڕبوونه‌وه‌ و رووبه‌رێكى فراوانى ناوچه‌ كوردییه‌كان له‌ رۆژئاواى كوردستان كه‌وته‌ بنده‌ستى ئه‌و رێكخراوه‌.

له‌ ئه‌یلوولى 2014 چه‌كدارانى داعش هێرشێكى فراوانیان كرده‌ سه‌ر كانتۆنى كۆبانێ و له‌سه‌دا 80 كۆبانێیان كۆنتڕۆڵكرد.

له‌ تشرینى یه‌كه‌مى 2014 له‌سه‌ر داواى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارى ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى بۆ كۆبانێ په‌سه‌ندكرد.

به‌ پشتیوانى هێزى پێشمه‌رگه‌ و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانان, له‌ سه‌ره‌تاى 2015 شه‌ڕڤانان له‌ رۆژئاواى كوردستان ته‌واوى كۆبانێیان كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌. 

م.ح