ئێران: نابێت ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌ت به كورد هه‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له كانبێرای پایته‌ختی ئوسترالیاوه رایگه‌یاند، دووباره داڕشتنه‌وه‌ی سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ره‌نگه ببێته هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی كۆتایی جیهان.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له گوتارێكدا له زانكۆی نیشتمانی ئوسترالیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته له‌سه‌ر وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به ئێرانیشه‌وه، واز له ململانێی تایه‌فی و سه‌ربازی بهێنن.
رۆژنامه‌ی "Wall Street Journal" بڵاویكردووه‌ته‌وه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت: "ئه‌مه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ده‌ستكاری سنووره‌كان بكرێت، وا باشتره بیر له‌وه نه‌كرێته‌وه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فی دیاریبكرێت، نابێت ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌ت به كوردان هه‌بێت، یاخود سووننه و عه‌له‌وییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و سنوورانه‌ی دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م دیاریكراون".
زه‌ریف هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێویسته گۆڕانكاری له شێوازی بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانمان بكه‌ین له‌گه‌ڵ یه‌ك، نه‌ك گۆڕانكاری له سنووره‌كاندا بكرێت، چونكه به ده‌ستكاریكردنی سنووره‌كان، شه‌ڕی ئه‌رمجدۆن ده‌ستپێده‌كات".
به گوێره‌ی بیروباوه‌ڕی كریستیان و جووه‌كان، شه‌ڕی ئه‌رمجدۆن، شه‌ڕی كۆتایی جیهانه و ده‌كه‌وێته ناوچه‌یه‌ك كه به زمانی عیبری پێیده‌گوترێت "مه‌جیدۆ"، به عه‌ره‌بیش پێیده‌گوترێت "ته‌ل موسته‌لم" و ده‌كه‌وێته باكووری فه‌له‌ستین.
هه‌رچی شیعه‌كانی ئێرانه، پێیانوایه ئه‌و شه‌ڕه له نێوان "ئیمامی مه‌هدی" وه‌ك لایه‌نی خێر و "سفیانی" لایه‌نی رۆم و یه‌هودییه‌كان، له سووریا رووده‌دات و به "ئازادكردنی قودس" كۆتایی دێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "سوورییه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ بڕیار له داهاتووی ئه‌سه‌د ده‌ده‌ن، نه‌ك ئێمه یان تورك، یان سعوودیه یاخود كه‌سانی دیكه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ناتوانین كه‌سانێك قه‌بوڵ بكه‌ین، كه هه‌وڵده‌دات به‌بێ دانوستان و گفتوگۆ، بڕیار له چاره‌نووسی ئه‌سه‌د بدات".
له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، به به‌رده‌وامی باس له دابه‌شكردنی سووریا بۆ سێ ده‌وڵه‌ت ده‌كرێت، كه هه‌ریه‌ك له كورد، عه‌له‌وییه‌كان و عه‌ره‌بی سووننه ببنه خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ.
سه‌رچاوه: هافینگتۆن پۆست