گروپێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەكەی ئەنقەرە راگەیاند

لە تەقینەوەكە 37 كەس كوژران

K24 - ھەولێر:

هه‌ڵۆكانی‌ ئازادی‌ كوردستان به‌رپرساریەتی‌ خۆیان لە تەقینەوەكەی ئەنقەرە راگەیاند و ناوی خۆكوژەكەیان ئاشكرا كرد.

لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمرۆ بڵاویانكردوەتەوە هه‌ڵۆكانی‌ ئازادی‌ كوردستان كە لە لایەن حكوومەتی توركیا بە گروپێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناو دەبرێن، رایانگەیاند "كاتژمێر 6:45 خولەكی ئێوارەی رۆژی‌ 13ی‌ ئه‌م مانگه‌ لە رێگەی ئەندامێكی ھەڵۆكانی ئازادی كوردستان بە ناوی سه‌حه‌ر چاغلا ده‌میر، ناسراو به‌  دۆغا ژیان تەقینەوەیەكیان لە ئەنقەرە ئەنجامداوە".

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی توركیا ناوی ئەو كەسەی ئاشكرا كردبوو كە تەقینەوەكەی ئەنجامداوە و رایگەیاندبوو كە ئەو كەسە ئەندامی پەكەكە بووە.

ئێوارەی رۆژی 13ی ئادار تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا روویدا و بووە ھۆی كوژرانی 37 كەس و برینداربوونی 125 كەسی دیكە.