بارزانی: پێشمەرگە رۆڵێكی گرنگ دەبینێ لە رزگاركردنی مووسڵ

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی ھەیە لە شكست پێھێنانی داعش
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/419f19c3-51e6-4a83-bf46-2e1f52cf2964/kongray%20rojnamawani%20la%20pirmam.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

 كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و فلیپ ھامون، وەزیری دەرەوەی بەریتنانیا كۆتای ھات و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەش ئامانجی سەردانەكە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ھەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بارزانی خستەڕوو.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەخێرھاتنی فیلیپ ھاموند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیان كرد و رایگەیاند: "ھاتنی جەنابت نیشانەی ئەوەیە كە بەریتانیا بە بەرۆشە بۆ وەزعی عێراق بە گشتی و ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی، دەرفەتێكی بە قیمەت بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ جەنابت ھەموو بیر و راكان ئالوگۆڕ بكەین لەسەر وەزعی ناوچەكە و لەسەر پەیوەندی دوو قۆڵی، ئێمە بەڕێز و تەقدیرەوە تەماشای سەردانت دەكەین".

دواتر فلیپ ھامۆند گوتی: " زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك بۆ ئەو بەخێرھاتنەی كە ئاراستەی ئێمەت كرد، مانگێكی دیكە یادی 25ساڵەی پرۆسەی ئارامی ساڵی 1991ی ھەرێمی كوردستان دەكەینەوە، كە بەریتانیا رۆڵێگی گەورەی گێڕا لە پاراستنی ھەرێمی كوردستان، شەرەفمەندین كە ئەو دۆستایەتیەی ئێمە لەو كاتەوە تا ئێستا بەرەو پێشەوە دەچێت و زیاتر دەبێت".

گوتیشی: "خۆشحاڵین بەوەی كە توانیمان ئەو تەحەدیانەی رووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبێتەوە لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان باس بكەین، زۆر روون و ئاشكرایە لە شەڕی داعش سەركەوتنی گەورە بە دەست ھاتووە و داعش لە تێكشكاندایە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ قارەمانییەتی و ئازایەتی و لێبوردەی ھێزی پێشمەرگە كە رۆڵی سەرەكی ھەیە لە شكست پێھێنانی داعش".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیان ئەوەشی خستەڕوو: "راستە ھێشتا داعش كۆتایی نەھاتووە، بەڵام دڵنیاین كە داعش لە عێراق كۆتای پێدێت، ئێستا دوژمنێكی نوێ ھەیە دابەزینی نرخی نەوت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنە نوێیە دەبێ بە ھەمان ھەوڵ و ئاراستە و لە خۆبوردویی دەبێت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەم قەیرانەش ببینەوە".

راشیگەیاند: "ئێمە پێمانوایە دەبێ بتوانرێت چاكسازی ئابووریی بكرێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی  بارودۆخێكی دیكە  بێتە ئاراوە، گرنگی ئەم پڕۆگرامە ھێندەی شكست پێھێنانی داعش گرنگە، بۆیە جەنابی سەرۆك دڵنیاتان دەكەینەوە كە ئێمە چۆن لە شەڕی داعش ھاوكارتان بووین پابەندبووین بە دۆستایەتی خۆمان لەگەڵتان لەم بابەتەش ھاوكارتان دەبین بۆ ئەوەی پێكەوە رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببینەوە".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا فیلیپ ھاموند، گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لەو ھاوكاریانەی بواری سەربازی دەیبەخشینە ھەرێمی كوردستان، لە بواری مەشق پێكردن توانیومانە مەشق بە 3 ھەزار پێشمەرگە بكەین، ھەروەھا مەشقی بەو یەكانەی پێشمەرگە بكەین كە رووبەڕووی تەقەمەنی و بۆمبی چێنرا و دەبنەوە، ئەمڕۆ سەردانی بەشێك لەو یەكانە دەكەین و بەردەوام دەبین لەسەر ئە پێداویستیانەی كە بۆ ھێزی پێشمەرگە گرنگن، بەڵام لە ھەمووی گرنگترە ئێمە چۆن بتوانین یارمەتی چارەسەركردنی ئەو قەیرانە داراییە بدەین و رووبەڕووی ببینەوە، چونكە گرنگە بۆ ئێمەش ئابووریی كوردستان ھێندە بەھێزبێت كە خۆی بتوانێت پێداویستیەكانی شەڕ و پێشمەرگە  دابین بكات".

لە بارەی گرنگی بەشداریكردنی ھێزی پێشمەرگە لە رزگاركردنی مووسڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتی: "تا داعش لە مووسڵدابێت ئێمە ناتوانین بڵێین ھەرێم لە ئەمن و ئارامیدایە ھەمیشە بوونی داعش لە مووسڵ ھەڕەشەیەكی جیدیە لەسەر ھەرێمی كوردستان، تا داعش لە مووسل تێك نەشكێت ناتوانین بڵێین داعش تووشی شكستێكی تەواو بووە، لەبەر ئەوە پێشمەرگە رۆڵێكی گرنگ دەبینێ لە رزگاركردنی مووسڵ، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە پێش رزگاركردنی مووسڵ دەبێ ھەموو لایەنەكان رێك بكەون لەسەر چۆنیەتی ئیدارەكردنی مووسڵ دوای رزگاركردن".

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "دەبێ بە ھەماھەنگی و ھاوبەشی لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان و سوپای عێراق پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا كارەساتی لەم شێوەیە روونەداتەوە و ئەوانەی كارەساتەكەیان بەسەردا ھاتووە جارێكی دیكە تووشی نەبنەوە".