قوربانیانی فڕۆکە ئیماراتییەکە گەیشتە زیاتر لە 60 کوژراو

K24-هەولێر

چەند بەرپرسێکی رووس، ئەمڕۆ شەممە، رایانگەیاند هەموو سەرنشینانی فڕۆکەکەی کۆمپانیای فلای دوبەی ئیماراتیی کە ژمارەیان 62 سەرنشین بوو کوژران.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737 لە کاتی دووەم هەوڵی نیشتنەوەدا لە فڕۆکەخانەی شاری رۆستۆڤ (950 کم باشووری مۆسۆک) لە باشووری رووسیا کەوتەخوارەوە و تێکشکا.

وەزارەتی فریاکەوتن لە رووسیا رایگەیاند: "فڕۆکەکە لە جۆری بوێنگ 800-737 و کاتژمێر 3:50 خوولەکی بەیانی رۆژی شەممە بەکاتی گرینیچ لە فڕۆکەخانەی رۆستۆڤ لە رووسیا کەوتەخوارەوە".

هاوکات لیژنەی رووسیی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە رایگەیاند: "فڕۆکەکە کەوتەخوارەوە و پارچە پارچە بوو و ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی 62 سەرنشینەکەی".

لای خۆیەوە پارێزگاری رۆستۆڤ لە رووسیا ئاشکرای کرد کە: "زۆربەی سەرنشینان رووسن و 4 یشیان منداڵن".

راپۆرتەکان لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەڵێن: مەودا بینین لە کاتی رووداوەکە زۆر خراپ بوو و با زۆر خێرابوو.

هاوکات کەناڵی لایڤ چەناڵی رووسیا رایگەیاند: فڕۆکەکە لە دووری چەند مەترێک لە شۆستەی نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەکە نیشتەوە ئەوکاتەی کە بۆ دووەم جار هەوڵی نیشتنەوەی دەدا لە کەش و هەوایەکی زۆر خراپدا، دوای ئەوەی فڕۆکەکە بە درێژایی دوو کاتژمێر لە ئاسمانی ناوچەکە دەفری و بەهۆی کيس و هەوای خراپەوە نەیتوانی بنیشێتەوە.

سەرچاوە: BBC ، ئا: ئا ، ف