رۆژنامه‌يه‌كى به‌شار ئه‌سه‌د: فيدراڵى سووريا دابه‌شده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌يه‌كى سه‌ر به رژێمى سووريا رايگه‌ياند، فيدراڵييه‌تى كورد له باكوورى سووريا هه‌وڵێكه بۆ دابه‌شكردنى وڵات و زيان له سه‌روه‌رى وڵات ده‌گه‌يه‌نێت.
له دوو رۆژى رابردوودا كانتۆنه‌كانى خۆ به‌ڕێوبه‌رى له رۆژئاواى كوردستان هه‌رێمى فيدراڵييان راگه‌ياند و پڕۆژه‌ى سياسى خۆيان به ناوى فيدراڵييه‌ت خسته‌ڕوو.
له ژماره‌ى ئه‌مڕۆيدا رۆژنامه‌ى ئه‌لوه‌ته‌نى چاپى ديمه‌شق نووسيويه‌تى: به‌رهه‌ڵستكاران و هه‌ندێك لايه‌نى كورديى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى رومێلانيان له پارێزگاى حه‌سه‌كه ره‌تكردووه‌ته‌وه.
ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌ى رمێلان به تێكڕاى ده‌نگ بڕيارياندا جاڕى فيدراڵييه‌ت بۆ رۆژئاواى كوردستان بده‌ن.
ره‌وتى قه‌مح، كه هه‌يسه‌م مه‌ناع، هاوسه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سوورياى ديموكراتى كه زۆرينه‌ى لايه‌نه كوردييه‌كانى تێدايه، ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى رمێلانى ره‌تكردووه‌ته‌وه.
مه‌ناع، كه له جنێڤ داده‌نيشێت، رايگه‌ياندووه، پێويسته ده‌وڵه‌تێكى نوێ ئاوا بكرێت و سيستمى نا ناوه‌ندێتى و له شێوه‌ى ديموكراتى و په‌رله‌مانى له سووريا بێته كايه‌وه و سووپايه‌كى يه‌كگرتوو هه‌بێت و پارێزگارى له سنوورى سووريا بكرێت.
پێنجشه‌ممه 17ى ئازار/ مارسى 2016، له شارى رمێلان به ده‌يان لايه‌ن و كه‌سايه‌تى كورديى و نوێنه‌رانى پێكهاته‌كانى ديكه‌ى رۆژئاواى كوردستان كۆبوونه‌وه و پڕۆژه‌ى فيدراڵييان وه‌ك داخوازى سياسى كورد له رۆژئاواى كوردستان راگه‌ياند.
هه‌ريه‌ك له جه‌بهه‌ى شه‌رقى و ئه‌نجوومه‌نى عشيره‌ت و هۆزه‌كانى سووريا، له به‌ياننامه‌يه‌كدا، دژايه‌تى خۆيان سه‌باره‌ت به راگه‌ياندنى پرۆژه‌ى فيدراڵى ده‌ربڕيووه.
نزيكه‌ى 70 گرووپ و ميليشيا و پارت و لايه‌ن له سووريا له راگه‌يه‌ندراوى جياجيادا ئه‌و داواكارييه‌ى كورديان ره‌تكردووه‌ته‌وه و به هه‌نگاوێكى مه‌ترسيداريان زانيوه بۆ دابه‌شبوونى سووريا.