ئەمریکییەک 4 منداڵی سووریی بە 600 دۆلار کڕیوە

"لە ژنێکم کڕی پێی گوتم ئەوانە باوانیان لەدەستداوە و چیدیکە ناتوانم بە خێویان بکەم"

K24-هەولێر

نووسەر و چالاکوانی ئەمریکا، فرانکلین لامپ رایگەیاند لە کاتی بوونی لە لوبنان چوار منداڵی سووریی پەنابەری لە لوبنان کڕیوە بە 600 دۆلاری ئەمریکی.

فرانکلین لامپ کە سەرقاڵی توێژینەوەیەک بووە لە لوبنان بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگایەکی ماف پارێزی فەلەستینیی، گوتی: چاو بە ئافرەتێکی سووریا کەوت لە ناوچەی رەملە ئەلبەیزا لەسەر کەناراوی دەریای ناوەڕاست، ئافرەتەکە چوار منداڵی پێبوو دوو کچی دوانە تەمەن 5 ساڵ و  کوڕێکت تەمەن 8 ساڵ و منداڵێکی ساوا و شیرخۆری تەمەن زیاتر لە ساڵێک.

فرانکلین لامپ دەڵێ: "ئافرەتەکە پێی گوتم ئەمانە منداڵی هاوسێیەکم بوون لە شاری حەلەب لە باکووری سووریا و باوک و دایکیان لە شەڕ تیاچوون".

نووسەر و چالاکوانە ئەمریکییەکە ئاماژەش دەکات کە: "نەمتوانی بزانم ئافرەتەکە لەگەڵ یەکێک لە گرووپەکانی بازرگانیکردن بە کۆچبەران کار دەکات کە ئێستا لە لوبنان چالاکن یاخود کەسێکی ئاساییە وەک دەڵێ". دەشڵێ: "پێی گوتم نەمتوانی ناوی خۆم و منداڵەکان لە کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکەم، چونکە بە شێوەیەکی نا یاسایی هاتوومەتە نێو خاکی لوبنانەوە".

نووسەر و چالاکوانە ئەمریکییەکە باس لەوەش دەکات کە: "ئافرەتەکە گوتی چیدیکە ناتوانم ئەم منداڵانە بەخێو بکەم و ئامادەم بەرامبەر 1000 دۆلار دەستبەرداریان بم و هەرمنداڵێک بە 250 دۆلار".

فرانکلین لامپ دەڵێ: "سەرەتا قیزم کردەوە و داوای ژنەکەم رەتکردەوە، بەڵام کە رووخساری منداڵەکان و دۆخیانم بینی کە باران تەڕیانی کردبوو و ترس و برسێتیان پێوە دیار بوو، رام گۆڕی و بڕیارمدا منداڵەکان بەرامبەر 600 دۆالر بکڕم، سەرکەوتنی منیش لە کڕینی ئەو منداڵە سوورییانە ئاماژەیەکە بۆ قەبارەی ئەو کارەساتانەی کە هاوشێوەکانیان لە لوبنان رووبەڕووی دەبنەوە".

نووسەر و چالاکوانە ئەمریکییەکە دەڵێ: ئێستا منداڵەکانی لای کچە هاورێیەکی داناون کە لە بواری فریاگوزاریی کاردەکات، و دەڵێ هیچ دەرگایەکم نەهێچ لێی نەدەم بۆ هاوکاریکردنی ئەم منداڵانە، بەڵام هیچ وەڵامێکم دەست نەکەوت، بۆیە داوا لە هەموو کەسێک دەکات کە لەخۆی رادەبینێ هاوکاری ئەو منداڵانە بکات پەیوەندی پێوە بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە کە زیاتر لە پێنج ساڵە بەردەوامە، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سووریا ئاوارە بوونە و نزیکەی چوار ملیۆنی ئەو ئاوارانە لە وڵاتانی دەرهاوسێی سووریا و وڵاتانی جیهان پەنابەرن.

سەرچاوە: Information Clearing House ، ئا: ئا ، ف