ساڵح موسلیم: داوا لە یەكێتیی ئەوروپا دەكات رێككەوتن لەگەڵ توركیا ھەڵبوەشێنێتەوە

"حکوومەتی تورکیا ھیچ کارێک لە بەرژەوەندی کورد ناکات"

K24 – ھەولێر:

ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پەیەدە داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات رێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیادا ھەڵبوەشێنێتەوە و پشتگیریی کەیسی کورد بکەن لە باکووری کوردستان.

لەمیانەی لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكرات(پەیەدە) دەڵێت: حکوومەتی تورکیا ھیچ کارێک لە بەرژەوەندی کورد ناکات، ھەمیشە لەدژی بەرژەوەندییەکانی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەنگاوی ھاویشتووە.

ھاوسەرۆکی پەیەدە، دەشڵێت: " ئێمە داوا لە وڵاتانی ئەوروپی دەکەین کە ھاوکاری ئێمە بکەن و باری ئابووریی ناوچەکانمان پێشبخەن باشترە".

ئەو قسانەی ساڵح موسلیم، لەکاتێکدایە کە رۆژی ھەینی رابردوو، بەرپرسانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا گەیشتنە رێککەوتن بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران و وشککردنی رێگە قاچاخەکانی تورکیا و یۆنان بۆ ئەوروپا.

بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە یەکێتیی ئەوروپا بڕی 3 ملیار یۆرۆوە بە 6 ملیار یۆرۆ زیاد دەکات بۆ توركیا لە بەرامبەردا توركیا رێ لە پەڕینەوەی كۆچبەران دەگرێت بۆ ئەوروپا.