بارزانی بە بوونەوەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بوونەی جەژنی نەرۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند لەبارەی پرسی سەرۆکایەتی سێ بژاردە لە پێش لایەنەکاندا هەن.

K24-هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی بە بوونەی جەژنی نەرۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند جەخت دەکەمەوە لەبارەی پرسی سەرۆکایەتی سێ بژاردە لە پێش لایەنەکاندا هەن و ویستی سەربەخۆیی گەلی كوردستان ویستێكی ئاشتیخوازانەیە و هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەك.

 

پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

لە پەیامەكەیدا بارزانی رایگەیاند: "لە بارەی پرسی سەرۆکایەتی سێ بژاردە لە پێش لایەنەکاندا هەن و رایگەیاند جەخت لە هەمان هەڵوێستم دەكەمەوە كە لایەنەكان لەسەر سێ بژاردەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یان دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم یان بڕیاردان لەسەر مانەوەی دۆخەكە هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو رێكبكەون و كۆتایی بەو پرسە بهێنن".

 

پرسی قەیرانی دارایی

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا بارزانی دەڵێ: "سەبارەت بە قەیرانی داراییش كە هۆكارەكانی بۆ بڕینی بودجەی هەرێم و تێچوونەكانی شەڕ و میوانداری سەدان هەزار ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوت و كەموكوڕییەكانی بەڕێوەبردن دەگەڕێتەوە، وێڕای ئەوەی سوپاسی بێ پایانی تەحەمول و خۆڕاگریی گەلی كوردستان دەكەم لەوە دڵنیام كە قەیرانەكە كاتییە و پشت بە خودا گەلەكەمان بە سەركەوتوویی قەیرانەكە تێدەپەڕێنێت".

هەڵوێستی بارزانی لەبارەی دۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان

سەبارەت بە كێشەی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لەگەڵ ئەوەداین كێشەی كورد لە پارچەكانی تر بە رێگەچارەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت. زۆر نیگەران و خەمبارم بە قووڵبوون و ئاڵۆزتربوونی گرژییەكانی توركیا، بۆ ئەوەی رێگە لە كارەساتی مەزن بگیرێت و نەبێتە شەڕی نەتەوەیی".

 

پرسی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوای کوردستان

لە بارەی پرسی كورد و سیستمی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوای كوردستان بارزانی ئەوەی خستەڕوو: "سیستمی پێشنیاركراوی فیدڕاڵیی بە چارەسەرێكی گونجاوی دەزانین بۆ داهاتووی سووریا و بۆ سەركەوتنی دەبێ پێكهاتە و لایەنەكانی سووریا لەسەری رێكبكەون".

 

دەقی پەیامەكە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردی پیرۆزبایی لە گشت خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە بە خوێن و قوربانیدانیان گەل و نیشتیمانیان پاراستووە. لەم بۆنەیەدا هەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدەكانمان كە ڕۆحی بێگەردیان هەوێنی سەربەرزی و ژیانی گەلەكەمانە.

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەڵگری پەیامی ڕووناكی و نوێبوونەوە و ئازادییە. بە درێژایی مێژووی گەلی كوردستان لە نەورۆزدا زوڵم و ستەم و تاریكی تێكشكاوە و سەركەوتن و ئازادی بەدیهاتووە. زۆربەی سەركەوتن و خۆشی و ناخۆشییەكانی گەلی كوردستان لە نەورۆزدا ڕوویان داوە و مێژووی ئێمەیان نەخشاندووە و، نیشانەی ئەوەیە كە كوردستان زوڵم قبووڵ ناكات و كۆتایی بە چەوسانەوە و ژێردەستی دەهێنێت.

نەورۆزی ئەمساڵ لە كاتێكدایە كە ناوچەكەمان بە گۆڕانكاریی قووڵدا تێدەپەڕێت و گەلەكەمان لەبەردەم دەرفەتی مەزن و هەڕەشە دایە. ئەگەرچی پەلاماری تیرۆریستان و گوشاری هەمە لایەنەی نەیاران بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان دەستبەرداری پێشكەوتن و مافە ڕەواكانی بێت بەڵام بە خۆڕاگریی خەڵك و گیانفیدایی پێشمەرگە دوژمن تێكشكا و گەلەكەمان لە هەموو كاتێك زیاتر پێداگرە بۆ ئەوەی بگاتە شكۆ و ئازادی و خاوەنی چارەنووسی خۆی بێت. پیرۆزبایی نەورۆز لە خوشك و براكانم لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دەكەم و هیوای خۆشی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. لەگەڵ ئەوە داین كە كێشەی كورد لە پارچەكانی تر بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت. زۆر نیگەران و خەمبارم بە قووڵبوون و ئاڵۆزتربوونی گرژییەكانی توركیا، بۆ ئەوەی ڕێگە لە كارەساتی مەزن بگیرێت و نەبێتە شەڕی نەتەوەیی، هیوادارم شەڕ و خوێنڕێشتن ڕابگیرێت و گرژییەكان زیاتر تەشەنە نەكەن. لەبارەی سووریایش سیستەمی پێشنیاركراوی فیدڕاڵی بە چارەسەرێكی گونجاوی دەزانین بۆ داهاتووی سووریا و بۆ سەركەوتنی دەبێ پێكهاتە و لایەنەكانی سووریا لەسەری ڕێكبكەون.

بەپێویستی دەزانم لەم بۆنەیەدا لەبارەی چەند پرسێك بۆچوونی خۆم ڕاشكاوانە بە ئێوەی خۆشەویست ڕابگەیێنم.

لەبارەی قەیرانی سیاسیی هەرێم و بابەتی سەرۆكایەتی هەموو هەوڵێك لەگەڵ حزبەكان درا و ئەوەی پێویست بوو بۆ چارەسەری دۆخەكە لەگەڵ حزبە سیاسییەكان باس كراوە. حزبەكان بڕیاریان لەسەر ئەوە نەدا هەڵبژاردنی سەرۆك بكرێت، یان بەڕێزێك دەستنیشان بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی و بڕیاریان بۆ ئەوەیش نەدا كە بە لەبەرچاوگرتنی شەڕ و گرفتەكانی دیكە بارودۆخی ئێستا هەتا هەڵبژاردنەكانی 2017 وەك خۆی بمێنێتەوە و كار بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك بكەن. بە داخەوە نەیانتوانی چارەسەری دۆخەكە بكەن و بەشێكیان تەنیا كەوتنە تۆمەتبەخشین و قووڵتركردنی گرفتەكان. كە كاریش گەییشتە ئەوە، هیچ بایەخێك بۆ تۆمەت و هەڵسوكەوتیان نامێنێت. ئێستایش جەخت لە هەمان هەڵوێستم دەكەمەوە كە لایەنەكان لەسەر سێ بژاردەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یان دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم یان بڕیاردان لەسەر مانەوەی دۆخەكە هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو ڕێكبكەون و كۆتایی بەو پرسە بهێنن. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمیش لە 23ـی حوزەیران بنەمای ئەو تەوافوقە تێكدرا كە حكوومەت و پارلەمانی لەسەر بنیاتنرا بوو، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە پارلەمان كارا بكرێت و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان و حكوومەتێكی تازە پێكبهێندرێت.

سەبارەت بە قەیرانی داراییش كە هۆكارەكانی بۆ بڕینی بودجەی هەرێم و تێچوونەكانی شەڕ و میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوت و كەموكوڕییەكانی بەڕێوەبردن دەگەڕێتەوە، وێڕای ئەوەی سوپاسی بێ پایانی تەحەمول و خۆڕاگریی گەلی كوردستان دەكەم لەوە دڵنیام كە قەیرانەكە كاتییە و پشت بە خودا گەلەكەمان بە سەركەوتوویی قەیرانەكە تێدەپەڕێنێت. ئەو پڕۆژە چاكسازیانەی ڕاگەیێندراون كاری جددی لەسەر كراوە و ئەنجامەكانیشی بە زوویی دەدیترێن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و دەستەبەركردنی دادپەروەری. پێویستە قەیرانی دارایی وەك هەلێك سەیر بكەین بۆ پشتبەستن بە توانا و سەرمایە ناوخۆییەكان و دەستەبەركردنی سەرچاوەكانی تری داهات و هەروەها پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان و توندوتۆڵكردنی سیستەمی كارگێڕی و كاركردن بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی بەرهەمهێن، بەشێوەیەك كە لە خزمەتی خۆشگوزەرانی و دادپەروەری بێت بۆ گەلەكەمان. ئومێدی زۆرم هەیە كۆتایی بە قەیرانی دارایی بێت و چاكسازییەكانیش سەركەوتوو بن و هیچ قەیران و كۆسپێكیش ناتوانێ ڕێگر بێت لەبەردەم پڕۆسەی چاكسازی و ئەوانەی بە هەر هۆكارێك دژی چاكسازی دەوەستن و لە هەوڵی نائومێدكردنی خەڵكن دواجار ئەنجامەكەی دەبینن.

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق هەتا ساڵی 2003 كە دەوڵەتێك بوو لەسەر بنەمای شەراكەتی نێوان كورد و عەرەب، بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران و بەعەرەبكردن و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی گەلی كوردستان و تێكدانی چوارهەزار و پێنجسەد گوندی كوردستان و بەكارهێنانی سامانی كوردستان لەدژی خەڵكی كوردستان بوو. لە دوای ڕاپەڕینی 1991 و لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە و بەدیهێنانی پێكەوەژیاندا گەلی كوردستان گەورەیی نواند و پەنای بۆ تۆڵە نەبرد، تەنانەت لەپێناو كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكان و بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی دەیانهەزار بێسەروشوێنی ئەنفال، وەك شاندی بەرەی كوردستانی چووین بۆ بەغدا و چاومان بە بكوژانی گەلەكەمان و تاوانبارانی بەعسیش كەوت بەڵام دەستەڵاتدارانی عێراق ئەو پەیامە بەرزەی گەلی كوردستانیان وەرنگرت و بەردەوام بوون لە ملهوڕی و سەرەڕۆییان. دوای 2003 هەر ئەوانەی لەسەر شانی گەلی كوردستان بوون بە دەستەڵاتداری عێراق نانی خەڵكی كوردستانیان بڕی. هێشتا دیار نییە كە چۆن مافیان بە خۆیان داوە نانی خەڵكی كوردستان ببڕن؟ بۆ پشتیان لە پەیمان و بەڵێن و ئیمزاكانیان كرد؟ دەمەوێ زۆر ڕاشكاوانە ڕایبگەیێنم كە گرفتی سەرەكی فەرهەنگ و عەقلیەتێكە كە ڕێگە نادات پێكەوەژیان و شەراكەت جێگەی خۆی بگرێت و ناتوانێ پابەندی دەستوور بێت و شەراكەتی گەلەكەمان قبووڵ بكات. بۆیە با خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین ئێمە دوو ڕێگەمان لەبەردەمە. یان دەست لە هەموو شتێك هەڵگرین و قوربانیدان و خەباتی سەدساڵەی خۆمان پشتگوێ بخەین یان دەبێ ئەو بارودۆخە و سرووشتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا گۆڕانی بەسەردا بێت. بەردەوامبوونی ئەو وەزعەی ئێستا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەك نابێت. چونكە ئێمە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە پاشكۆیی قبووڵ ناكەین و فەرهەنگی باڵادەستی دەستەڵادارانی بەغدایش شەراكەت بە گەلی كوردستان ڕەوا نابینێت. بۆ ئەوەی لە شەڕ و كێشەكان دوور بكەوینەوە و بتوانین خۆمان بپارێزین و گەشە بە ژیانی خۆمان بدەین دەبێ چارەنووسی خۆمان لە دەستی خۆماندا بێت. گەلی ئێمە چیتر ناتوانێ تەحەمولی كارەسات و نەهامەتی بكات و دەبێ لە ئاشتیدا بژییت و پێویستە هەموو لایەك و دراوسێكانمان لە ئازار و داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان بگەن. ویستی سەربەخۆیی گەلی كوردستان ویستێكی ئاشتیخوازانەیە و هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەك و دەمانەوەێ بە خۆشی و لێكتێگەییشتن و دوور لە گرژی و توندوتیژی لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام. هەر بۆ ئەو مەبەستەیش بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە دیالۆگێكی جددی و ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی چارەسەری كێشە و پەیوەندییەكانیان بكەن.

ئەوانەیشی لەناوخۆی كوردستاندا بەرانبەر مافی سەربەخۆیی دوودڵ و بەدگومانن و ستراتیژییان تێكدانی ئاساییشی خەڵكی كوردستانە، دەكەونە بەرەی دژی سەربەخۆیی گەلی كوردستان و، ئەوانەیش كە دەڵێن هێشتا كاتی سەربەخۆیی نییە، شانازیی ئەو دەستكەوتەی گەلی كوردستانیان بەرناكەوێت و بەرپرسیش نابن لە هیچ ئەگەرێك.

ئیرادەی گەلی كوردستان لەسەرووی هەموو ویست و ئیرادەیەكە، دۆزی گەلی كوردستان ڕەوایە و شاییستەی گرانبەهاترین دەستكەوتە چونكە لەڕێگەی ئازادیدا قوربانیی بێهەژماری داوە.

نەورۆزتان پیرۆز و هیوای شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم.

 

مەسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

20ـی 3ـی 2016