ئەسەد: پشتیوانی ئێران و رووسیا ھۆكاری خۆڕاگری سووریاییە لە بەرامبەر تیرۆر

K24 – ھەولێر:
بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا رایگەیاند، پشتیوانی ئێران و رووسیا ھۆكاری خۆڕاگری سووریان لە بەرامبەر تیرۆر.
بەشار ئەسەد، لە میانەی پێشوازیكردنی لە كەمال خەرزای، سەرۆكی ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: پشتیوانی سەربازی وسیاسی وڵاتانی دۆستی سووریا، ھۆكاری ھێشتنەوە و خۆڕاگری گەلی سووریان لە بەرامبەر ھێرشەكانی تیرۆرستان.
بە ئامانجی گفتوگۆكردنی دواین گەشەسەندنی سیاسی بەتایبەت كشانەوەی ھێزەكانی رووسیا لە سووریا، ئەو بەرپرسەی ئێران سەردانی سووریاییكرد، چاوی بە ھەریەك لە بەشار ئەسەد و چەند بەرپرسێكی سیاسی كەوتبوو لە دیمەشق.
ماوەی 5 ساڵە شەڕی نێوخۆ لە سووریا بەردەوامی ھەیە، بەھۆی شەڕەكە سەدان ھەزاران كەس كوژراون و بە ملیۆنان ھاووڵاتی سووریا كۆچیانكردووە، ھەریەك لە حكوومەتی ئێران و سووریا بەرگری لە مانەوەی ئەسەد دەكەن، لە كۆتایی ئەیلولی 2015 رووسیا دەستی بە بۆردوومانكردنی گروپە چەكدارییەكانی سووریا كرد، بەڵام ھەریەك لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رووسیا تۆمەتبار دەكەن بەوەی ھێرشدەكاتە سەر گروپە میانڕەوەكان و خەڵكی سڤیل لە سووریا.