لایەنگری پەكەكە لە ئەڵمانیا رژانە سەر شەقامەكان دژی رێككەوتنی ئەوروپا لەگەڵ توركیا

خۆپیشەنداران رەخنەی توندیان لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا گرت بەوەی ھاوکاریی دارایی و سیاسی ئەنقەرە دەکەن.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/885456f0-adfa-4742-9796-9d78fa3711a6/Kurdish%20Protest%20Germany.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

لە ئەڵمانیا بە ھەزاران كەس لە لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) رژانە سەر شەقامەكان دژی رێككەوتنی ئەوروپا لەگەڵ توركیا.

خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی وێنەی سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئاڵای پەکەکە و پەیەدە، داوای ئازادکردنی ئۆجەلانیان کرد و رەخنەی توندیان لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا گرت بەوەی ھاوکاریی دارایی و سیاسی ئەنقەرە دەکەن لەبەرامبەر راگرتنی رۆیشتنی بەشەپۆلی پەنابەران بۆ ئەوروپا.

دایتەر دایھام، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت: " رێککەوتنەکەی نێوان ئەردوغان و مێرکڵ، رێککەوتنێکی خوێناویی و ژێربەژێرە لەسەر حیسابی مافەکانی مرۆڤە و ئازادی رادەربڕینە لە تورکیا، پێویستە ئەڵمانیا پشت لە ئەردوغان بکات کە ئەو پێشێلکاریانە دەکات و رووبکاتە ئەو کوردە ئازایانەی رووبەڕووی داعش بوونەتەوە و بەرگری لە ئازادی دەکەن".

لەلای خۆشییەوە، ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات رێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیادا ھەڵبوەشێنێتەوە و پشتگیریی کەیسی کورد بکات لە باکووری کوردستان.

ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پەیەدە گوتی: "ئێمە داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپی دەکەین ھاوکاری ئێمە بکەن و یارمەتیمان بدەن، باری ئابووریی ناوچەکانەکانمان باشتر بکەن".

 بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، سەرجەم ئەو پەنابەرە نایاساییەکانی کە لە تورکیا و یۆنانەوە رۆیشتوونەتە ئەوروپا، رەوانەی تورکیا دەکرێنەوە و بڕیاریشە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەو رێککەوتنە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.