سه‌ره‌ڕای رێككه‌وتنی ئه‌وروپا و توركیا كۆچكردن بۆ یۆنان به‌رده‌وامه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای رێككه‌وتنی توركیا و ئه‌وروپا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رانه‌ی ده‌گه‌نه یۆنان بۆ توركیا، شه‌پۆڵی كۆچكردن ئه‌مڕۆش بۆ دورگه‌كانی یۆنان به‌رده‌وامبوو.
هه‌ینی رابردوو یه‌كێتیی ئه‌وروپا و توركیا رێككه‌وتن له ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌وه هه‌ر كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رێك له توركیاوه بگاته یۆنان به‌ره‌و توركیا بگه‌ڕێندرێته‌وه.
په‌یامنێری رۆیته‌رز رایگه‌یاندووه: "به‌یانی زووی ئه‌مڕۆ له ماوه‌ی كاتژمێرێكدا سێ به‌له‌می كۆچبه‌ران و په‌نابه‌رانی بینیوه گه‌یشتوونه‌ته یۆنان".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه: "دوو كه‌س له و به‌له‌مانه به بێهۆشی ده‌رهێندراون پاشان گیانیان له ده‌ستداوه".
ئاژانسیی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه: "له رۆژی یه‌كه‌می جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوان توركیا و ئه‌وروپا، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران كه نزیكه‌ی 50 كه‌سی له‌سه‌ربوون، گه‌یشته دورگه‌ی لیسبۆس یۆنانی".
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌وان دڵخۆشبوون كه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وروپا، سه‌ره‌ڕای ماندوبوونیان، به‌ڵام نیشانه‌ی ئاسووده‌ییان پێوه‌دیاربوو".
به‌رپرسێكی پۆلیسیش گوتی: "تا كاتژمێر شه‌شی به‌یانی ئه‌مڕۆ، 12 به‌له‌م گه‌یشتوونه‌ته كه‌ناره ئاوییه‌كان".
به گوێره‌ی رێككه‌وتنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و توركیا له ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌وه هه‌موو كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رێك به سوورییه‌كانیشه‌وه به نایاسایی له ده‌ریای ئیجه بپه‌ڕنه‌وه و بگه‌نه یۆنان بۆ توركیا ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه.
هه‌ر به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، توركیا یارمه‌تی دارایی له یه‌كێتیی ئه‌وروپا وه‌رده‌گرێت و هاووڵاتیانیشی بێ ڤیزا ده‌چنه وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتییه‌كه، هه‌روه‌ها یه‌كێتیی ئه‌وروپا راسته‌وخۆ له توركیا پێشوازیی له هه‌زاران په‌نابه‌ری سووریا ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش په‌له ده‌كرێت له دانووستانه‌كانی به ئه‌ندامبوونی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا.