"سیاسه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌باره‌ی قه‌یرانی په‌نابه‌رانه‌وه گۆڕاوه"
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی یه‌كێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌سیحی ئه‌و پارته‌ی برای پارته‌كه‌ی یه‌كێتیی دیموكراتی مه‌سیحییه كه ئه‌نجێلا مێركل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات رایگه‌یاند حكوومه‌ته‌كه‌ی مێركل سیاسه‌تیی خۆی به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران گۆڕیوه.
هۆرست زیهۆفه‌ر به رۆژنامه‌ی (بێڵد ئام زۆنتاج) گوت: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دانی پێدا نه‌ناوه، به‌ڵام حكوومه‌تی فیدڕاڵیی به ته‌واوه‌تی سیاسه‌تی په‌یوه‌ندیداری به په‌نابه‌رانه‌وه گۆڕیوه".
زیهۆفه‌ر زیاتر گوتی: "به‌شێنه‌یی پاشه‌كشییه‌ك له رۆشنبیری به‌خێرهێنانی بێ مه‌رج هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و وێنانه‌ی له سنووری یۆنان-مه‌كدۆنیا دێن، هیچ سیاسییه‌كی ئه‌ڵمانیا نه‌یگوتووه(سنووركراوه‌یه و با رێگا به هه‌موان بده‌ین بێنه ئه‌ڵمانیا".
له‌لایه‌كی دیكه ئانتۆن هۆفرایته‌ر به‌رپرسی باڵا له پارتی سه‌وزی به‌رهه‌ڵستكاری راوێژكاری ئه‌ڵمانیا به رۆژنامه‌ی رینیشه پۆست گوت به پشتیوانیكردنی له رێككه‌وتنی نێوان توركیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه ده‌رباره‌ی په‌نابه‌ران "مێركل ده‌ستبه‌رداری رێبازه مرۆییه‌كه‌ی بووه".
زیهۆفه‌ر كه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی پاڤاریایه له ئه‌ڵمانیا سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ساڵانه پێشوازیی له 200 هه‌زار په‌نابه‌ر بكات، به‌ڵام مێركل ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه له بری ئه‌وه گره‌و له‌سه‌ر چاره‌سه‌رێكی ئه‌وروپی بۆ قه‌یرانه‌كه ده‌كات.
هاوينى 2015 راوێژكاری ئه‌ڵمانیا سنووره‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌به‌ر ده‌م په‌نابه‌ران كرده‌وه، ئه‌وكات ئه‌ڵمانه‌كان پێشوازیان له‌و په‌نابه‌رانه‌كرد كه ده‌گه‌یشتنه میونشن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕانی هه‌سته‌كان به‌رامبه‌ر كۆچبه‌ران، مێركل به پێویستی زانی ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی دێنه ئه‌ڵمانیا كه‌مبكرێته‌وه.
به گوێره‌ی ئاماره‌كانیش له ساڵی 2015 1.1 ملیۆن په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته ئه‌ڵمانیا.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز