فرانسوا ئۆلاند: دەستگیركردنی سەڵاح عەبدولسەلام ساتێكی مێژووییە

سەڵاح تاكە ئەندامی بنەماڵەكەی نەبووە لەو كردەوانەدا بەڵكو ئیبراھیمی براشی لەگەڵ بووە و بەڵام ئەو لە باڕێكدا خۆی تەقاندووەتەوە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/867ec986-9ed6-4418-9b48-f317cda75b94/salah%20abdulsalam.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

دوای ئەوەی پۆلیسی بەلجیكا سەڵاح عەبدولسەلامی پلان داڕێژەری ھێرشەكانی پاریسی دەستگیركرد، فرانسوا ئۆلاند سەرۆك كۆماری فەرەنسا رایگەیاند، رووداوی دەستگیركردنی سەڵاح عەبدولسەلام ساتێكی مێژووییە.

فرانسوا ئۆلاند، دوای دەستگیركردنی پلان داڕێژەری ھێرشەكانی پاریس رایگەیاند: "دەستگیركردنی سەڵاح عەبدولسەلام ساتێكی مێژووییە، بۆ ھەموو خەڵكی فەرەنسا".

برای سەڵاح عەبدولسەلام، گوتی: "من برای یەكێك لەو كەسانەم كە بەشداری ئەو كردەوە تیرۆرستیانە بووە ، بەڵام من بە ھیچ جۆرێك بەشداری كاری لەو جۆرەم نەكردووە ،نازانم براكەم بۆچی وایكرد ، ئێمە بنەماڵەیەكی توندڕەو نەبووین و ھیچ كێشەیەكمان لەگەڵ یاسادا نەبووە، دەمەوێ پێشتان بڵێم دایك و باوكم توشی شۆك بوون و بە ھیچ شێوەیەك باوەڕناكەن".

پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند: كە سەڵاح تاكە ئەندامی بنەماڵەكەی نەبووە لەو كردەوانەدا بەڵكو ئیبراھیمی براشی لەگەڵ بووە و بەڵام ئەو لە باڕێكدا خۆی تەقاندووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پۆلیسی ئەورووپا(یۆرۆپۆل) سەڵاح ویستوویەتی خۆی بتەقێنێتەوە بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە لە گەڵ دوو ھاوڕێی و بەرەو بەلجیكا ھەڵھاتووە.

دواجار رۆژی  19 ئازار پۆلیسی بەلجیكا دەستگیركردنی سەڵاح عەبدولسەلامی راگەیاند، ئاشكرا كرد كە سەڵاح لە پێكدادانێكدا دوای ئەوەی بریندار بووە دەستگیركراوە.

لە 13 تشرینی دووەم ساڵی رابردوو، چەند تەقینەوەیەك و ھێرشی چەكداری لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجامدران لە ئاكامدا زیاتر لە 100 كەس كوژران و 300 كەس برینداربوون.