سەڵاحەدین دەمیرتاش: نیشانمان دا ناتوانن نەورۆز قەدەغە بكەن
K24 – ھەولێر:
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش رایگەیاند، نیشانمان دا كه ناتوانرێت نه‌ورۆز قه‌ده‌غه بكرێت و رێگری لێ بكرێت، به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانمان.
هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان(هه‌ده‌په) سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له گوتارێكیدا بۆ لایه‌نگرانی پارته‌كه‌ی له باتمان، ره‌خنه‌ی له پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی پارێزگاكه گرت كه مۆڵه‌تیان به پارته‌كه‌ی نه‌دابوو بۆ سازكردنی ئاهه‌نگی نه‌ورۆز.
سەڵاحەدین ده‌میرتاش، گوتی: "له نه‌ورۆزی پارساڵ و ساڵی پیشووتری دیاربه‌كر، كاتێ په‌یامی ئۆجه‌لان خوێندرایه‌وه، ئه‌وانه ده‌میان داچه‌قاندبوو و له په‌خشی راسته‌وخۆدا گوێیان ده‌گرت، بیرتان چوو ئه‌و رۆژانه، ئه‌وانه بوون كه ده‌یانگوت با په‌یامی ئۆجه‌لان بخوێندرێته‌وه ئاشتی له وڵات‌دا سەقامگیر بێت".
دەمیرتاش لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: "نیشانمان دا كه ناتوانرێت نه‌ورۆز قه‌ده‌غه بكرێت و رێگری لێ بكرێت، به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانمان".
گروپێك له خه‌ڵك چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باتمانیان به‌ڕووی هاتوچۆدا داخستبوو و به‌نیازی رێخستنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵه‌ت بوون، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه هێرش كرایه سه‌ریان و ئاوی قه‌تیسكراو و غازی فرمێسك‌ڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنیان به‌كار هێنرا.